دەستەی گەشتوگوزار: لە رۆژانی جەژندا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمیان کردووە

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، “لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمیان کردووە”.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، ” بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان لە 8 ی نیسان تاوەكو 13 ی نیسان زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە”.

ئاماژە بەوەش دەکات، “گەشتیاران زۆربەیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێران و توركیا و وڵاتانی دیکەوە سەردانی هەرێمیان کردووە، هاوكات ژمارەیەكی زۆری گەشتیاری ناوخۆیی لە ناو هەرێمی كوردستاندا كە ژمارەیان دەگاتە 150 هەزار كەس، سەردانی سەیرانگە و ناوچە گەشتیارییەكانیان كردووە”.

بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2023، سێ ھەزار و سەد شوێن ھەبوون کە خزمەتگوزاریی گەشتیاری پێشکەشدەکەن کە بنکەی گەشتیاری، ھۆتێل، رێستۆرانت، مۆتێل، کافتریا، ھۆڵی ئاھەنگگێڕان و شوێنە گەشتیارییەکانی دیکە دەگرێتەوە.

هەر بەپێی داتاکانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، ھەزار و 75 شوێنی مانەوەی گەشتیاران ھەن کە بریتین لە 625 ھۆتێل، 370 مۆتێل، 80 گوندی گەشتیاری، جگە لە نزیکەی 800 رێستۆرانت و کافتریای گەشتیاری و سەدان کەپری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکان.

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، “زیاتر لە ملیۆنێک و 700 هەزار گەشتیار لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2024 هاتوونەتە هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

دەوامی فەرمانگەكان لە هەڵەبجە ئاسایی دەكرێتەوە

بابەتی دواتر

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەسەر ڤیدیۆی سەگەکانی فڕۆکەخانەی بەغداد روونکردنەوەی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share