بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ ئاشکرای کرد، پرسی بوونی ئەمریکا لە عێراق یەکێک دەبێت لەو چەند تەوەرەی کە دەخرێتە نێو ئەو دانوستانانەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە واشنتۆن گفتوگۆی لەبارەوە دەکات.
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە قسەی بۆ ئاژانسی حورە کردووە دەڵێت، “گفتوگۆ لەسەر پەیوەندیی بەرگری و ئەمنی ئەمریکا دەکرێت وەک بەشێک لە گفتوگۆکان.”
بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەکرد، لە 8ی نیسان کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای لێژنەی باڵای سەربازیمان ئەنجامدا و ئەمەش پرۆسەیەکە کە دەبێت لە نێوان عێراقییەکان و ئەمەریکا و ئەندامانی هاوپەیمانییەکەدا دیاریبکرێت کە چۆن ئەرکی سەربازی هاوپەیمانییەکە بەپێی خشتەی کاتی لەسەر بنەمای هەندێک هۆکار گۆڕانی بەسەردا دێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دووپاتیکردەوە کە سەردانەکە بۆ فراوانکردنی بازنەی هاوبەشی و پەیوەندییەکان و بوارەکانی هاوکاری دەبێت.
پێشبینیشی کردووە کە لەسەر گرنگی پەیوەندییەکی باشی عێراق و هەرێمی کوردستان، قسە بکرێت، هەروەها پێشکەوتنەکانی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت بابەتێکی دیکە دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە وتوشیەتی، “گرنگە پێشکەوتن هەبێت لە گفتوگۆکردن سەبارەت بە مووچە و تەرخانکردنی بودجە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لە بودجەی فیدراڵی”.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دووپاتی کردەوە کە گفتوگۆکانی عێراق و ئەمریکا لەسەر ئاڵوگۆڕی پەروەردەیی و وزە و ئاو و وەبەرهێنانی بازرگانی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە عێراق و چاکسازی لە بانکەکاندا دەبێت.
پەرەپێدانی دەرفەتی بازرگانی و وەبەرهێنان و زیادکردنی شەفافیەتی بازرگانی و دارایی و پێشخستنی ئەو پڕۆژانەی کە دەبێتە هۆی باشترکردنی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە گەلی عێراق دەکرێن تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبن.
بەرپرسە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێشبینی دەکەن تا ساڵی 2030 عێراق لە دۆخێکی زۆر باشتردا بێت بۆ ئەوەی کۆمەڵێک سەرچاوەی تەواو هەبێت، لەنێویاندا تاڕادەیەکی زۆر خۆبژێوی ئەگەر لەسەر رێڕەوی خۆیان بمێننەوە.