مەكتەبی سیاسی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە و دیسانەوە تەئكیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەكێتیی كردەوە كە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندایە لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا.
لە كۆبوونەوەكەدا کە ئەمڕۆ لە دەباشان بۆ تاوتوێكردنی دوا ئامادەكارییەكان و بەرنامەی مەكتەبی هەڵبژاردنی یەكێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو، هەڤاڵان بە تێكرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەك بوون بەو وادەیەی كە لە لایەن سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش ئامادەكاریی پێویستی بۆ كردووە.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموكراتی كوردستان كە خەونی لە مێژینەی گەلەكەمانە و خەباتێكی بێووچانی بۆ كراوە، هەروا جەختی لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دیموكرات كردەوە كە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەكانی هەڵبژاردنیش بەشێكە لە ئاماژە جەوهەرییەكانی پاك و بێگەردیی پڕۆسەكە، كۆبوونەوە دووپاتیشیكردەوە نوێكردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەكانی وەك پەرلەمان و حكومەتی هەرێم هەر لە رێگای دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتیی گەلەكەشمان بۆ داكۆكی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانیش هەر بەو شێوەیە دابیندەبێت.
مەكتەبی سیاسیی هەڵوێستی روون و ئاشكرای یەكێتیی تەئكیدكردەوە كە ئەمڕۆ داخوازیی هاوڵاتییان بۆ مووچە و بودجەی ئاوەدانی و بووژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێگای پەرلەمان و حكومەتێكی نوێوە دەكرێت كە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵكی كوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستوورییەكانی كوردستان و شایستە داراییەكانی گەلەكەمان بكات و لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی دانوستاندێكی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بكات.
بەشێكی كۆبوونەوەكە تەرخانكرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆك بافڵ و وەفدی باڵای یەكێتی بۆ مۆسكۆ كە لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی سەردانەكەی بە سەركەوتوو و بوونیادنەرانە لە قەڵەمدرا.