ئەمشەو، چوارشەممە ڕوبەڕوبوونەوەیەکی دواخراوی هەفتەی دووی خولی پلە یەکی ئیسپانیا ئەنجامدرا، یانەی بەرشلۆنە بردنەوەی بەرانبەر ئەتلەتیک بلباو تۆمارکرد.
بلباو لە یاریگای سان مامێس میوانداری بەرشلۆنەی کرد و یاری نێوانیان بە بردنەوەی کەتەلۆنیەکان بە ئەنجامی (2-3) کۆتاییهات.
لە سەرەتاکانی تایمی یەکەم یانە باسکیەکە هێرشی ڕاستەوخۆ و خێرای کردەسەر گۆڵی تێر شتیگن و لە خولەکی سێ سەرکەوتووبوون لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم، گۆڵەکەش لەلایەن ئیناکی ویلیامزەوە تۆمارکرا.
لەدوای ئەم گۆڵە ئەستێرەکانی بلاوگرانا گوشاری توندیان دروستکرد و چەندین هەلی مەترسیداریان ڕەخساند، لە خولەکی 14 پێدری گۆڵی یەکسانکەرەوەی ئەنجامەکە و لە خولەکی 38 لیۆ مێسی گۆڵی دووەم و پێشەنگیان تۆمارکرد، ئەو تایمەش بە دوو گۆڵ بەرانبەر گۆلێک لە بەرژەوەندی بارسا کۆتاییهات.
لە تایمی دووەمدا ئەستێرەکانی کومان هێرشەکانیان چڕتر کردەوە، لە خولەکی 62 لیۆ مێسی گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی بەرشلۆنەی تۆمارکرد، لە کۆتا ساتەکانیشدا (خولەکی 90) ئیکەر مونیاین گۆڵی دووەمی بلباوی تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە دەرفەتی تۆمارکردنی گۆڵی دیکە نەبوو و یارییەکە بەو ئەنجامە کۆتاییهات (2-3).
بەپێی ئەنجامە تۆمارکراوەکە، بەرشلۆنە بە کۆکردنەوەی (31) خاڵ لە پلەی پێنجەمەوە گەڕایەوە سێیەمی ریزبەندی یانەکانی لالیگا.