سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا جەخت لەسەر بە بانكیكردن (تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكاتەوە.
شەوی رابردوو فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەغداد لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
دوابەدوای كۆبوونەوەكە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران راگەیەندراوێكی لەبارەی ناوەرۆكەكەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، سودانی ئاماژەی بە پارەداركردنی هەرێم كردووە بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، هەروەها چاودێری رێوشوێنەكانی نێوان وەزارەتی دارایی فیدراڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات لەوەی پەیوەستە بە بانكیكردن (توطین)ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەپێناو بەردەوامیدان بە خەرجكردنی.
سودانی جەختیشیكردەوە لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو حكومەتی ناوەند و هەرێم لەبارەی دۆسیە هاوبەشەكان، بەجۆرێك چارەسەرەكان بەپێی ناوەرۆكی دەستوور بێت و، بەرژەوەندیی هاوڵاتیان و داواكانیان لە پێشینەی ئامانجەكانەوە بێت، وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.
هەر دەربارەی كۆبوونەوەكە شەوی رابردوو غەریب ئەحمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد كران و داوامانكرد كێشەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت.
وتیشی، ”محەمەد شیاع سودانی بەڵێنیدا كە كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بكات و، بۆ پرسی مووچەش وەزارەتی دارایی عێراق نەرمی بنوێنێت و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەربكرێت”.