سەمیر هەورامی رایدەگەیەنێت، ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها گوزارشت لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، “کەسێک بەناو وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لێدوانی داوە لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و مافی موچەخۆرانی کوردستانەوە، لەمبارەیەوە بە پێویستی دەزانین وەڵامی بدەینەوە”.
سەمیر هەورامی، دەڵێت، “لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، کەسێکمان نەبووە و نییە کە وەک وتەبێژ، هەڵوێستەکانی تەعبیری لە سیاسەت و بۆچونەکانی تیمی وەزاری یەکێتی بکات، بەڵکو ئەو کەسەی بەناوی وتەبێژی حکومەتەوە قسە دەکات، تەنها تەعبیر لە خۆی و تیمە وەزاریەکەیان دەکات بۆیە ئەوەی وتوویەتی هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نییە”.
وتەبێژی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژە بەوەشدەکات، “لەبری لێدوان و قسەو تۆمەت بەخشینەوە، واباشتر بوو بەهەموومانەوە هەوڵی چارەسەر کردنی گرفتەکان بدەین و مافی مووچەخۆران دەستەبەر بکەین، هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکان بەبێ متمانە و پشتگیریی خەڵکی کوردستان و تەنها بە دروشم ناپارێزرێت”.