نوێنەری هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە گەر پێشهاتێک دروست نەبێت 16 ی ئازار سەردانی شارەکە بکات.
چرۆ حەمەشەریف نوێنەری هەڵەبجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بە نووسراوی فەرمی داوام لە محەمەد شیاع سودانی کردووە سەردانی هەڵەبجە بکات و بەشداریی لە رێورەسمی ساڵرۆژی کیمیابارانی شارەکەدا بکات، گەر هەر بەهەر هۆکارێک نەتوانێت سەردانەکەی بکات لەم رۆژەدا پرۆژەیەک پێشکەش بە شارەکە بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای نووسراوەکە سوودانی راستەوخۆ وەڵامی دامەوە و بەڵێنی دا گەر پێشهاتێک دروست نەبێت سەردانی هەڵەبجە بکات، جگە لەوەش داوایلێکردین خۆمان پرۆژەیەک دەستنیشانبکەین کە لەسەر ئەرکی خۆی جێبەجێی بکات، هەر بۆیە ئێمە دروستکردنی دەروازەی شارمان بەلاوە گرنگ بوو، بۆیە بڕیاریدا بە بەهای یەک ملیار دینار پرۆژەکە دروست بکات و سبەینێ پێنجشەممە بەردی بناغەکەی دادەنێین.
سەبارەت بە پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چرۆ حەمەشەریف وتی، لە راستیدا دیاریکردنی سنووری پارێزگاکە وەک پێشمەرجی بەپارێزگابوونی تەنها بیانوویەکی پێش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو، لەو کاتەدا هەندێک لایەن دەیانویست پرسی بەپارێزگابوونی شارەکانی وەک تەلەعفەر و هەندێک شوێنی دیکە بهێننە پێشەوە، بەڵام ئەو کاتە سەرۆکی پەرلەمان کە حەلبوسی بوو بەڵێنی پێداین دوای هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە بکرێتەوە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەربدرێت.
ئاشکراشیکرد، لەدوای ئەوەی لەسەر پرۆژەکە دەنگی ناڕازی هەندێک لەلایەنەکان دروستبوو، بافڵ جەلال تاڵەبانی سێ بۆ چوار جار سەردانی بەغدادی کرد بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو پرسەوە، بەڵام بەراستی هیچ سەرکردەیەکی دیکەی کورد بۆ ئەو پرسە سەردانی بەغدادی نەکردووە.
جەختیشیکردەوە، ئومێدمان هەیە لەم خولەی پەرلەماندا دەنگ بە پرۆژە یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، ئەو لایەنانەی پێشتر ناڕازی بوون، ئێستا رەزامەندی ئەوانیشمان بەدەستهێناوە.