وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران نەگەیشتۆتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، لە 5 ی ئازارەوە بە نووسراوی فەرمی داوامان لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ کردبوو بە تەمویلکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازیی بۆ مانگی شوباتی ساڵی 2024 بە بڕی 949 ملیار و 813 ملیۆن و 146 هەزار و 170 دینار، بەڵام وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ تەنها بڕی 560 ملیار و 217 ملیۆن دیناری تەمویل کردووە کە دەکاتە ڕێژەی 59% لە کۆی گشتی مووچەی هەرێم و بێ بەشکردنی 41% ی مووچەخۆرانی هەرێم لە شایستەی مووچەکانیان، و تا ئێستا ئەو بڕە پارەیەش کە بڕیاری تەمویلکردنی دراوە نەگەیشتۆتە دەستمان.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێکارەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی وایکردووە کە کورتهێنان لە پێدانی مووچەی هەرێم بۆ مانگی شوبات بە نزیکەی 390 ملیار دینار دروست بێت وگرفتی گەورەی دارایی دروستدەکات و دەبێتە هۆی بێ بەشکردنی بەشێکی زۆری مووچەخۆران ودروستکردنی فەرق وجیاوازی لە نێوان مووچەخۆران.
هەر لە روونکردنەوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، جگە لە کەمی ئەو بڕە پارەیەی کە نێردراوە بۆ مانگی شوبات، بەپێی ئەو نوسراوانەی کە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ دەریچواندوون، بۆ مووچەی مانگی ئاداری 2024، هیچ تەمویلێکی حکومەتی هەرێم ناکرێت ئەگەر مووچەی هەرێم (توطين) نەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من لە مێژە دەستیکردووە بە پرۆسەی توطین لەژێر سەرپەرشتی بانکی ناوەندی عێراق و گفتوگۆکان لەم بارەیەوە بەردەوامن، و نابێت هیچ لەم ڕێکارانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ ببنە مایەی بێبەشکردنی مووچەخۆرانی هەرێم لە لەمووچەکانیان کە شایستەی دارایی خۆیانە و دەبێت هاوشێوەی مووچەخۆرانی عێراق لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە بکرێن.
لە کۆتایی روونکردنەوەکەشدا هاتووە، داوا دەکەین وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق بەمەرجی تەعجیزی ئەو مافە لە هەرێمی کوردستان زەووت نەکات و بۆ مووچەی مانگی ئازار هیچ کۆت و بەندێک بۆ تەمویلکردنی مووچەخۆران دانەڕێژن چونکە ئەمە مافی دەستوری و یاسایی مووچەخۆرانی هەرێمە ونابێت تێکەڵی هیچ ناکۆکیەکی نێوان هەردوو حکومەت بکرێن.