پەیامی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی یادی رۆژی راپەڕینەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پەیامێکی بەبۆنەی رۆژی یادی راپەڕینی گەلی کوردەوە بڵاوکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاندووە، وەک چۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.”

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی راپەڕینە مێژووییەکەی گەلی کورد و جوامێری و ئازایەتیی ئێوە دەکەینەوە، یادی هەموو ئەو پێشمەرگە قارەمان و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە گڕیان لە شەوەزەنگ بەردا و مژدەی داهاتوویەکی رووناکتریان بە کوردستان بەخشی.”

سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان راشیگەیاندووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەزانێت ئێوە چ مێژوویەکی پڕ لە شانازی و درەوشاوەتان تۆمارکردووە و چەند رۆڵەی قارەمانتان بەم خاکە بەخشیوە، لە یادمانە چەند ئازارتان چەشت و لە چ دەربەدەرییەکدا ژیان، بۆ ئەمەش یەکێتی هەمیشە قەرزاری ئێوە و خۆڕاگریی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدەکانمانە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختیشدەکاتەوە، “دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەهیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەهاتنەدی. خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش هیوامان بۆ خواستبوو. بەڵام وەک چۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو هێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات.”

باس لەوەش دەکات، لەماوەی رابردوودا بە پشتیوانیی خودا و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان هەنگاوی کاریگەرمان لەپێناو ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان ناوە و ئەنجامەکەشی لای هەموولایەک روونە، بێگومان هەر کارێکیش کە کردوومانە و دەیکەین لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکان دەبێت و هەموو ئامانجێکمان سەرفرازیی خەڵک و پاراستنی خاکی کوردستانە.

 

بابەتی پێشتر

بەندەری ئوم قەسر بەرزترین تێکڕای قەبارەی کاڵای هاوردەکراوی لە مانگی شوبات تۆمارکرد

بابەتی دواتر

کەشناسیی هەرێم کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share