دوای ئەوەی لە دوێنێوە بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكی لە كارەبادا گرفتی دابەشكردنی ئاو لە سلێمانی و دەوروبەری دروستبوو، بەڕێوبەرایەتی كارەبا دەڵێت، كێشەكە چارەسەركراوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی دووەم بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی دوێنێ بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی کارەبای وێستگەی ئاوی پیرقوربان لە دوکان کوژایەوە، دەستبەجێ تیمەکانی چاکسازیی هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبای سلێمانی دەستیانکرد بە پشكنین و ئەمڕۆ کێشەکە چارەسەرکرا و کارەبا بۆ وێستگەکە گەڕایەوە .
لای خۆیەوە ئەندازیار غالب محەمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵ و گەیاندنی کارەبای سلێمانی وتی، ئێستا وێستگەی ئاوی پیرقوربان بەشێوەیەکی ئاسایی کارەبا وەردەگرێت و بەوەش کێشەی دابەشکردنی ئاو لە سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا سەربەست عوسمان، بەڕێوبەری گشتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “کێشەی دابەشنەکردنی ئاو پەیوەندی بە بەڕێوبەرایەتیی ئاوەوە نییە بەڵکو گرفتەکە کارنەکردنی دوو وێستگەی ئاوە لە دوکان هۆکارەکەشی پچڕانی تەزووی کارەبایە بەهۆی ڕەشەباوە”.
وتیشی، بەهۆیەوە جگە لە %60ی گەڕەکەکانی سلێمانی، ناوچەی حەوزی شۆڕش واتە چەمچەماڵ، بازیان و ناحیەی تەکییە ئاویان بۆ ناچێت.