هەڤاڵ ئەبوبەكر لەسەر تاپۆكردنی خانوویەكی میری ڕوونكردنەوە دەدات

بینای پارێزگای سلێمانی

لەسەر تاپۆكردنی خانوویەكی میری لەسەر هاوڵاتییەك، پارێزگاری سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت، نە خەمڵاندنمان کردووە، نە تاپۆمان کردووە، تەنها یاساییانە و کارگێڕییانە؛ وەڵامی پرسیاری لیژنەی باڵای تەملیککردنی خانووە حکومییەکانمان داوەتەوە.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە ڕوونكردنەوەكەدا دەڵێت، لەم ماوەیەدا یەك، دوو؛ ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بێبەڵگە و ناڕەوایانە، دەیانەوێت پارێزگاری سلێمانی ئێستا، كە “تەنها پارێزگاری كوردستان و عێراقە لەڕێی دەنگی ڕەوای خەڵكەوە هەڵبژێردراوە”، لەبەردەم ڕای گشتیدا بئاڵێننە ئەو كارە نایاسایی و نا كارگێڕیی و ناڕەوا و چەتەگەرییانەی، وڵاتەكەی تێدا نغرۆ كراوە.

دڵنیاییش بە هاوڵاتییان دەدات كە دوورین و دووردەبین لەهەر كارێكی نایاسایی و هەر بەرژەوەندییەكی تایبەتیی و حیزبیی و، هەر زیادكردنێكی شاراوە و ئاشكرای بازرگانیكردن بە داوا ڕەواكانی خەڵك.

سەبارەت بە تۆمەتباركردنیشی بە تاپۆكردنی موڵكێكی پارێزگای سلێمانی، لەسەر هاوڵاتییەك بەناوی (ڕەئوف مەلیك موزەفەر)، بە چەند خاڵێك ڕوونكردنەوەی داوە:

1) ئەم موڵكە؛ لە پاشماوەی خانووی ئەمنەكانی سەردەمی ڕژێمی ڕوخاو بووە، كە لە ڕاپەڕینەوە كەوتنە دەست خەڵكی تێكۆشەر و ڕاپەڕیوی سلێمانی، ناوبراو تیایدا نیشتەجێ‌ بووەو دواتر ئەم موڵکە لە 14ی شوباتی 2010دا، تۆمارکراوە بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە، بەپێی بڕیاری ژمارە (196)ی ڕۆژی 14ی شوباتی 2010ی دەستەی چارەسەرکردنی کێشەی موڵکداریی خانووبەرەوە.

لە (2010/8/30)وە بەڕەسمیی داوا لە پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی كراوە، كە ئەم موڵكە بەكرێ‌ تەرخان بكات بۆ نیشتەجێی خانووەكە بەڕێز (ملازمی یەك/ رەئوف مەلیك موزەفەر) تا بەپێی ڕێنمایی ژمارە (5224) لە (2008/3/26)دا كرێی مانگانەی لێوەربگیرێت. پارێزگاری ئەوكاتەی سلێمانی بە فەرمانی كارگێڕییان بە ژمارە (28/1/4118) لە (2011/2/14)دا فەرمانی تەرخانكردنی بەكرێ؛‌ داوە.

2) ئەم هاووڵاتییە وەك هەر هاووڵاتییەكی نیشتەجێی خانوو و موڵكە حكومییەكان، هەوڵی بەردەوامی داوە بۆ تاپۆكردنی ئەم موڵكە لەسەرخۆی و هەموو ڕێكارێكی یاسایی و كارگێڕیی گرتۆتەبەر و دۆسیەیەكی زیاتر لە (600) لاپەڕەیی ئەم بابەتە لە بەشی موڵكایەتیی پارێزگامان پارێزراوە، لەگەڵ ئەوەی نە خۆی و نە خێزانی سودمەند نەبوون لە وەرگرتنی هیچ موڵكێكی نیشتەجێبوون، بەڵام هەمیشە داواكە لەلایەن پارێزگامان و بەڕێوەبەرێتیی خانووبەرەی میری سلێمانییەوە ڕەتكراوەتەوە، چونكە خاوەندارێتییەكەی لە (2010)وە خراوەتە سەر پارێزگامان.

3) بۆ جاری كۆتایی ئەم داوایە خراوەتە بەردەم لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بەڕێز وەزیری دارایی سەرۆكایەتیی دەكات بە ئەندامێتیی هەریەك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، باجەكان و خانووبەرەی میری، كارگێڕی و خۆیەتیی وەزارەتی ناوخۆ، بە نوسراویان ژمارە (5053)ی (2020/12/8) وەك هەموو ئەوشوێنانەی ئەم نووسراوەیان بۆ ڕۆشتووە، داوایان لێكردووین ئایا ناوبراوی ناو ئەم نوسراوە و نیشتەجێی ئەم موڵكە، یان خێزانەكەی سودمەندبوون لە وەرگرتنی موڵكی حكومیی یان نا؟ ئێمەیش نووسراومان كردووە بۆ هەموو فەرمانگا و یەكە كارگێڕییە پەیوەندیدارەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بەنووسراوی فەرمیی، هەموویان وەڵامیان داوینەتەوە كە سودمەندنەبوون و ئەم وەڵامەو هاوپێچەكانیمان، ئاراستەی لیژنەی باڵای تەملیككردن كردووە، بەپێی یاساو ڕێنماییەكان؛ بێ‌ ئەوەی داوای تەملیككردن یان ڕەزامەندیی تەملیككردنیمان دابێت.

4) بەهیچ جۆرێك پارێزگاری سلێمانی دەسەڵاتی تاپۆكردنی زەوی و موڵك و ماڵی نییە، ئەم موڵکە بەپێی بڕیاری ژمارە (48)ی ڕۆژی (2021/11/29)ی لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكان؛ بڕیاری تەملیككردنی بۆدراوە و تەنها وێنە دراوە بە پارێزگای سلێمانی بۆ ئاگاداری و بەپێی یاسا لیژنەی باڵا لایەنی بڕیاردەرە لە هەر بابەتێكی لەم شێوەیەدا.

5) خەمڵاندنی ئەم موڵكە بەپێی ڕێنمایی تەملیككردنی خانووە حكومییەكانی ساڵی (2004) كراوە، لە ڕۆژی (2011/6/14)دا بە واژۆی سەرۆكی لیژنەی فەرعی تەملیككردنی خانووە حكومییەكانەوە ئەو بڕە دیاریكراوە و بە نوسراوی ژمارە (14955) لە (2011/6/14)دا بە فەرمیی ئاراستەی لیژنەی باڵای تەملیككردنی خانووە حكومییەكان كراوە و لە بڕیاری ژمارە (48)ی ڕۆژی (2021/11/29) لەلایەن لیژنەی باڵاوە پەسەندكراوە و هیچ پەیوەندیی بە پارێزگاری ئێستای سلێمانییەوە نییە.

پارێزگاری سلێمانی داواش لە فەرمانگەی داواكاری گشتیی پارێزگای سلێمانی دەكەین، كە لەپێناوی دەرخستنی ڕاستییەكان و ئاراستەكردنی ئەو كەسانەی ئارامیی خەڵك و ئاسایش و ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و متمانەی دامەزراوە دەوڵەتییەكان و نەزمی گشتیی دەخەنە ژێر مەترسییەوە، ڕێكاری یاسایی پێویست بگرێتەبەر و، پارێزگای سلێمانیش ئامادەیە وەك هەمیشە نووسراو و بەڵگە و بڕیارەكان بخاتە بەردەست و ئامادەین بۆ هەر لێپرسینەوەیەك.

بابەتی پێشتر

هیچ دۆخێک بەڵێنی چاکسازییەکانی 8ی تەمموز ڕاناگرێت

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم بڕیارێكی نوێی لەبارەی ڕەخساندنی هەلی كارەوە دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share