حکومەتی میسر رایگەیاند، گرێبەستێکی لەگەڵ حکومەتی ئیمارات بە بڕی 35 ملیار دۆلار واژۆکردووە بۆ پەرەپێدانی بەشێکی سەرەکی کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست.
مستەفا مەدبولی، سەرۆک وەزیرانی میسر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، “میسر رەزامەندی دەربڕی لەسەر رێککەوتنێکی 35 ملیار دۆلاری لەگەڵ ئیمارات بۆ پەرەپێدانی شارۆچکەی راس ئەلحکمە لە کەناراوەکانی باکووری رۆژئاوای وڵات”.
ئەوەشی خستەڕوو، “لە هەفتەی داهاتوودا بڕی 15 ملیار دۆلار وەک پێشینە وەردەگرێت، هەروەها لە ماوەی دوو مانگدا 20 ملیار دۆلاری دیکە وەردەگرێت”.
سەرۆک وەزیران ئەو وڵاتە دەشڵێت، “ئەو رێککەوتنە گەورەترین وەبەرهێنانی راستەوخۆی دەرەکییە لە پرۆژەیەکی گەشەپێدانی شارەکاندا لە مێژووی وڵاتەکەماندا و ئەو رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆمپانیای ADQ ئەنجامدراوە”.
هەواڵەکان سەبارەت بە فرۆشتنی ئەو ناوچەیە بووەتە هۆی رەخنەیەکی زۆر لە حکومەت و رەخنەگران دەڵێن، “ئەو زەوییە یەکێکە لە بەنرخترین ناوچە کەنارییەکانی وڵاتەکە و پێویستە لەلایەن وەبەرهێنەرانی ناوخۆییەوە پەرەی پێبدرێت”.
بەڵام سەرۆک وەزیران جەختیلەوە کردەوە، “حکومەت 35٪ی قازانجەکانی ئەم پڕۆژەیە وەردەگرێت هەرچەندە وەبەرهێنانێکی تایبەتە و زۆرینەی پشکەکانی لەلایەن ئیماراتەوە کڕدراوەتەوە”.