وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق زیادبوونی یەدەگی ئاوی راگەیاند و دووپاتیکردەوە، دۆخەکە ئەرێنییە سەبارەت بە وەرزی هاوینی داهاتوو.
عەلی رادی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداو و کۆگاکانی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، ئاستی بارانبارینی ماوەی رابردووی ناوچەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی عێراق کاریگەریی بەرچاویان هەبووە لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی یەدەگی ئاو.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتەکە دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، یەکەمیان بەرزکردنەوەی بەکۆگاکردنی ئاوە لە کۆگاکانی عێراق، بەو پێیەی بەهۆی وەرزە یەک لە دوای یەکەکانی کەمی ئاوەوە، عێراق تووشی دابەزین و بۆشایی گەورەی ببوو، بەڵام لەماوە رابردوودا ئاستی ئاو یەک ملیار مەتر سێجا زیادیکردووە.
ئامانجی دووەم ئاراستەکردنی ئاوە بۆ ناوچە زۆنگاوییەکان لەوانەش حەویزە و حەمار و زۆنگاوەکانی ناوەڕاستی عێراق.
جەختیشیکردەوە، بارانبارین و لافاو لەماوەی رابردوودا، ئاودێری تەواویان مسۆگەر کردووە بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان و بوونەتە سەرچاوەی زیادبوونی سەرچاوە ئاوییەکانی ژێرزەوی.