زیاد جەبار: پێویستە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی راستەقینەی پێکهاتەکان بکەن

بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی یەکێتی رایگەیاند، پێویستە پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی پێکهاتەکان بکەن، نەوەک نوێنەرایەتی لایەنێکی سیاسیی بکەن.

زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی یەکی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، وابڕیاربوو، لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان یان یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەربچوێندرێت یاخود هەمواری یاسای هەڵبژاردن بکرێتەوە.

لەبارەی پرسی پێکهاتەکانەوە وتی، “ئەوان خەڵکی رەسەنی ئەم هەرێمی کوردستانەن و بەلای یەکێتی نیشتیمانی کوردسانەوە، پێکهاتەکان شوێن و مەکانەتی تایبەتی هەبووە و وەک هەموو کوردێک ماف و ئەرکی خۆیان هەیە و تەنها پێوستە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان هەبێت.”

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە پێکهاتەکان نوێنەرایەتییان هەبێت و بەشداری بکەن لە هەڵبژاردنەکان و پڕۆسەی سیاسیی و لە رێگەی پارتە سیاسییەکانی خۆیانەوە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.

جەختیشیکردەوە، ئەو بەڵێنەی بە خەڵکی هەرێمی کوردستانیان دابوو کە دەنگدانێکی خاوێن دەبێت و دەنگەکان پارێزراو دەبێت و بۆ هەر چوار پارێزگەکەی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی دەبێت.

لەبارەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی پەیوەست بە مووچەوە رایگەیاند، هیوادارین رێگە و جێگەیەکی وا دابندرێت کە ئیتر هەواڵی دابەشکردنی مووچە نەبێتە مانشێتی رۆژ و مووچە لە کاتی خۆیدا دابەشبکرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانەوە ‏بڕیاریدا و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بۆ 100 کورسی ‏کەمکردەوە، بە پێی بڕیارەکە نابێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە چوار ‏بازنەی هەڵبژاردن کەمتربێت.‏

 

 

بابەتی پێشتر

دادگای فیدراڵی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانی کەمکردەوە بۆ 100 كورسی

بابەتی دواتر

وەزارەتی بازرگانیی عێراق: کۆنترۆڵی توندمان هەیە بەسەر بازاڕدا و ناهێڵین بۆ مانگی رەمەزان نرخ گران بکرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share