شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە توندی ئیدانەی سەرانە وەرگرتن دەکەین و پێویستە هێزە ئەمنییەکان لەبەرامبەر ئەو کەسانە بووەستنەوە و پێویستە پارێزگاری لە سەروەرت و سامانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت.
شێخ جەعفەر ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە رێگری تەواو بکرێت لە هەر دەستدرێژییەک لەلایەن هەر کەسێکەوە بێت بۆ سەر موڵکی تایبەتی کەسێک کە دەیەوێت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بکات.
لەبارەی رووداوەکەوەی ئەمڕۆشەوە رایگەیاند، پێمان خۆش نەبوو ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، هیوامان دەخواست خۆی بچێتە بەردەم یاسا و پێویست بەوە نەکات هێزی ئەمنی بچێتە سەری، داواشی لە دێرین ئەحمەد کرد خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات، چونکە هەر کاتێک بێت دەستگیر دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، ” هەر کەسێک هەوڵ بدات بۆ تێکدانی ئەمنییەت و ئاسایش و وەرگرتنی سەرانە و نەچێتە بەردەم دادگا ئەوە خۆی بەرپرسیارە لەوەی روودەدات.”