لەگەڵ گەیشتنی سەركردەی وڵاتانی بەشدار لە لوتكەی كەنداو، كە ئەمیری قەتەریش بەشدارە تیایدا بۆرسەی قەتەری بە ڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە.
لە مامەڵەكانی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 5ی كانونی یەكەم، پشكەكانی بۆرسەی قەتەری نزیكەی 1.7% بەرزبووەوە.
ئەو بەرزبوونەوەیەش پاش ئەوە دێت، كە ڕەنگە دەروویەك بكرێتەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری كێشەكانی كەنداو كە لە 2017ەوە سەریان هەڵداوە.
ئەحمەد ناسر، وەزیری دەرەوەی كوەیت ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ئاشكرایكرد، سعودیە و قەتەر ڕێككەوتوون لەسەر كردنەوەی سنوورە وشكانی و ئاوییەكان بەڕووی یەكدا.
دوای شەڕ.. میری قەتەڕ و شازادەی جێنشینی سعودیە یەكتری لەئامێزدەگرن
تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەڕ و ژمارەیەك سەرۆك و میر و كاربەدەستی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی، گەیشتنە شوێنی بەڕێوەچوونی 41یەمین لوتكەی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو.
لوتكەكە لە شاری عولا لە باكووری خۆرئاوای سعودیە بەڕێوەدەبرێت و كاربەدەستانی بەشدار، لەلایەن محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە-وە پێشوازییان لێدەكرێت.
لەكاتی گەیشتنی شاندی قەتەڕ بە سەرۆكایەتیی تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری ئەو وڵاتە، شازادەی جێنشینی سعودیە و میری قەتەڕ یەكتریان لە ئامێزگرت.
ئەو پێشهاتە لە پەیوەندییەكانی سعودیە و قەتەڕ-دا، دوای نزیكەی چوار ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەكانیان دێت، بە جۆرێك بە درێژایی ئەو ماوەیە، شەڕێكی سەختی میدیایی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا جۆشداربوو.
جگە لەوەش، سعودیە گەمارۆیەكی ئابوری و دیپلۆماتی خستبووە سەر قەتەڕ، كە لە سەرەتادا گورزێكی كوشندەی لە ئابوریی قەتەڕ دا.
درەنگانی شەوی دوێنێ دووشەممە 4ی كانونی دووەم، میری كوەیت، كرانەوەی سنوورە وشكانی و ئاسمانی و ئاوییەكانی سعودیە-ی بەڕووی قەتەڕ-دا ڕاگەیاند، ئەوەش بوو بە دەستپێكی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی نێوان دەوحە و ڕیاز.
عولا.. ئەو شوێنە مێژووییەی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی لە ئامێز گرتووە
شاری عولا بە شوێنێكی مێژوویی تایبەت دادەنرێت بەهۆی ئەو پێگە جوگرافییەی كە هەیەتی، بە پردێك دادەنرێت بۆ گرێدانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
بەمدواییانەش بووە جێگایەكی گەشتیاریی جیهانی لە سعودیە، چونكە كەشوهەوایەكی گونجاو و سیمایەكی جوانی هەیە.
ئەو شارە گەشتیارییە ئێستا پێگەیەكی سیاسیشی بۆ دروستبووە، بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە وڵاتانی بەشدار لە 41یەمین لوتكەی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو لە ئامێز گرتووە.