راگەیەندراوێك لە كۆبوونەوەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی-یەوە

كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆتایی هات و لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا جەخت لە دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك، پاراستنی قەوارەی هەرێم و پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ناوەند دەكەنەوە.

دەقی راگەیەندراوەكە:

راگەیەندراوی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

کۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووری هەرێم و کێشەچارەسەر نەکراوەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و موچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕا گۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیی هاوڕابووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1- هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی پارێزگای کەرکوک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شارو شارۆچکەکان.
2- هەردوولا هاوڕابووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین.
3- بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لەئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بەگشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
پارتی دیموکراتی کوردستان
2024/2/4

بابەتی پێشتر

مامۆستایەکی زانکۆ هێرشدەکاتە سەر کچە خوێندکارێک

بابەتی دواتر

ریاڵ مەدرید دەربارەی مباپێ بێدەنگە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share