بەهۆکاری پیسبوونی ژینگە بەهۆی پلاستیکەوە، ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک زیندەوەری دەریایی و 100 هەزار شیردەری دەریایی گیان لەدەستدەدەن.
رێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه بڵاویکردووەتەوە، ساڵانە جیهان بڕێکی سەرسوڕهێنەر لە پلاستیک بەکاردەهێنێت کە لە نێوان 350 بۆ 460 ملیۆن تۆندایە، بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرهەمهێنانی پلاستیکیی جیهانی لە دوو دەیەی رابردوودا زیاتر لە دوو هێندە زیادیکردووە، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی 2060 نزیکەی سێ ئەوەندە زیادبکات، ئەگەر بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبێت.
چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم زیادبوونە خێرایەی بەکارهێنانی پلاستیک مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگە و تەندروستیی مرۆڤ دروستدەکات، بەڵام لەگەڵ ئەو مەترسییانەدا تیشکێکی هیوا لە ئاسۆدا دەدرەوشێتەوە کە ئەویش یەکگرتنی نێوان تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و بەڕێوەبردنی ژینگەیی هۆشیارە.
پێشبینیدەکرێت پاشماوەی پلاستیکیی جیهانی تا ساڵی 2060 ساڵانە بگاتە یەک ملیار و 23 ملیۆن تۆن، لێکۆڵینەوەکان جەخت لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە دەکەنەوە.
پیشەسازی پلاستیک بەشداری دەکات لە 10.7%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی جیهانی، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پێویستی گۆڕانکاری سیستماتیکی بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی پلاستیک و قەیرانی کەشوهەوا.