ڕوسیا لە جەنگی ئۆکرانیادا هانا بۆ میسر و وڵاتانی ئەفریقا دەبات

وەك هەوڵێك بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی لە كیشوەری ئەفریقا، ڕوسیا وەزیری دەرەوەی ناردە میسر و چەند وڵاتێكی تری ئەفریقا.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕوسیا، بۆ ئەنجامدانی چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی میسردا لە قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتەیە، بە وتەی چاودێرانی نێودەوڵەتی، ئامانجی سەردانەکەی لاڤرۆڤ کۆتاییهێنانە بەو دابڕانە دیپلۆماسییەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکرانیاوە ڕووبەڕووی ڕوسیا بووەتەوە، هەروەها سوکكردنی قورسایی سزاکانی ڕۆژئاوەیە لەسەر وڵاتەکەی.

لاڤرۆڤ دوێنێ یەكشەممە لە میسر لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی ئەو وڵاتەدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی میسر کۆبووەوە و بە جیاش چاویکەوت بە سامح شکور وەزیر دەرەوەی میسر و چەند بەرپرسێکی دیکە.

بڕیاروایە ئەمڕۆ دووشەممە لاڤرۆڤ لەگەڵ ئەحمەد ئەبول غەیت سکرتێری گشتیی کۆمکاری عەرەبیدا كۆببێتەوە.

میدیای نزیک لە حکومەتی ڕوسیا ئاشكرایكرد، دوای میسر، بڕیاروایە وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سەردانی ئەسیوپیا و ئۆگەندا و کۆنگۆی دیموکرات لە كیشوەری ئەفریقا بکات.

بەهۆی جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیاوە، قەیرانی خۆراك لە كیشوەری ئەفریقا سەختتربووە، چونكە لە لایەك ڕوسیا ڕێگەی لە گەیشتنی بەرهەمەكانی ئۆكرانیا گرتووە، لە لایەكی دیكەشەوە بەهۆی سزاکانی خۆرئاواوە، کۆمپانیاکانی دڵنیایی دەریاوانی ئامادەنین مامەڵە لەگەڵ کەشتییە ڕوسییەکاندا بکەن و بەوەش خۆراك و كەلوپەلی ڕوسی بە ئاسانی ناگەن بە ئەفریقا.

سەرباری ئەو دوو خاڵە، ئەو ملیاران دۆلارەی کە لە پێش جەنگی ڕوسیا و ئۆكرانیادا وەک یارمەتی دەدران بە ئەفریقا، ئێستا دەدرێن بەو کەسانەی بەهۆی جەنگەوە لە ئۆکرانیا ئاوارەی ئەوروپا بوون، بەرئەنجامی ئەمەش ملیۆنان كەس لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە بەردەم مەترسیی کەمیی خۆراک و کەمبوونەوەی هاوكارییە نێودەوڵەتییەکاندان.

بابەتی پێشتر

عێراق: توركیا 23 هەزار پێشێلكاریی كردووە و دەیەوێت خاكەكەی فراوانبكات

بابەتی دواتر

بۆمبێكی چێندراو بە هێزەكانی پۆلیسدا تەقییەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share