شەوی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا چەند بنکە و بارەگایەکیان لەناو عێراق و سوریا بە ئامانجگرت، قائیمقامی پێشووی قائیم دەڵێت، لەناو خەڵکی سڤیلدا کوژراو و بریندار هەیە و هەرچی ئەو میلیشیایانەی لە شارۆچکە هەبوون پاش ئەو راگەیەندراوانەی ئەمەریکا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەتەواوەتی بنکەکانیان چۆڵکرد.
ئەحمەد جدیان دولەیمی، قائیمقامی پێشووی شارۆچکەی قائیمە و لە ئێستادا خانەنشینە و لەناو شارۆچکەکە دادەنیشێت، رایگەیاندووە دوای کاتژمێر 12ی نیوەشەو بۆردومانێکی چڕ و قورسی ناوچەی سکەک لە سنوری قائم دەستیپێکرد، بەشێکی زۆری خانوبەرەکانی ئەو ناوچەیە لەلایەن بەشێکی هێزە چەکدارەکانەوە بەکاردەهێنرێن، بەلام ئەو خانوبەرانە لە کاتی بۆردومانەکاندا هیچ میلیشیایەکی تێدا نەبووە.
ئەحمەد دولەیمی، پێشتر پلە باڵای سوپای عێراق بووە و وتویەتی، “لەو روانگەیەوەی کەسێکی سەربازیی بووم، تێناگەم و نازانم بۆچی پێشوەخت، لە دوای هێرشەکەی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئوردن، ئەمەریکا رایگەیاند دەست دەکات بە بۆردومانکردنی شوێنەکانی میلیشیاکان دەکات، لە کاتێکدا دەبووایە لەناکاو بیکردایە، چونکە هەرچی ئەو میلیشیایانەی لە شارۆچکەی قائم بوون پاش ئەو راگەیەندراوانەی ئەمەریکا بە تەواوەتی بنکەکانیان چۆڵکرد، واتە هەر کە زانییان ئەمەریکا لێیان دەدات، ئەوان زوو خۆیان پێچایەوە و شوێنەکانیان جێهێشت.”
بە گوێرەی قسەکانی ناوبراو، بۆردومانەکان بوونە مایەی داڕمانی تەواوەتی سێ خانو و نزیکەی 10 خانوی تریش ئاگریان تێبەربوو، هاوکات، لە ئاکامی بۆردومانەکان عەمارێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی تایبەت بە میلیشیاکان لەناوبرا.”