یەكێتیی مامۆستایان پەیامێك ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكات

مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، مامۆستایانیش شایەنی پلەبەرزكردنەوەن و داوادەكات هەنگاو و بڕیاری جددی بنرێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان.

بەپێی راگەیەندراوێكی مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و لەبارەی پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایانەوە، رایگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە پلەی سەربازیی زیاتر لە چوار هەزار ئەفسەر لە وەزارەتی پێشمەرگە بەرزكرایەوە لە كاتێكدا ماوەی 10ساڵە مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەچاوەڕوانیدان بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەیان.

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “یەكێتی مامۆستایانی كوردستان پێزانینی هەیە بۆ هەر هەنگاوێك بۆ باشتركردنی گوزەرانی مووچەخۆرانی كوردستان، رۆژی پێنجشەممە خۆشبەختانە پلەی 4304 ئەفسەر لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكەكانی 70 و 80 بەرزكرایەوە، وێرای پیرۆزباییمان لە ئەفسەرانی پلەبەرزكراوە هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازین كە ئەفسەران و هێزەكانی یەكەكانی 70 و 80 هەمیشە لەخۆبردووانە و خۆنەویستانە لە پاراستنی خاك و نیشتمان بەردەوامبوون.

لە راگەیەندراوەكەی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستاندا هاتووە، “بۆیە لێرەوە رووی داواكارییمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە هەرچی زووە كاربكات بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە خۆڕاگرانە و ماندوونەناسانە هاوشان لەگەڵ برا ئەفسەر و پێشمەرگەكان لە سەنگەری خزمەتكردن بە گەل و نیشتمان بوون، مامۆستایانیش بەهەمان شێوەی برا ئەفسەر و پێشمەرگەكان شایەنی پلەبەرزكردنەوەن، لەكاتێكدا نۆیەمین خشتەی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەرچووە، بەڵام هێشتا پلە بەرزكردنەوەی مامۆستایان دەستیپێنەكردووە.

هەر لە راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتیی مامۆستایاندا هاتووە، لە كۆتاییدا داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری جددی و هەنگاوی كردەیی بنێت بۆ دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان، وەكو دەزانن مامۆستایان لە بارودۆخێكی سەختدان جارێكی دیكە جەختدەكەینەوە لەسەر یاداشتە چوار خاڵییەكەی یەكێتیی مامۆستایان كە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكراوەتەوە كە خۆی لەم چوار خاڵە دەبینێتەوە بریتییە لە”:

1. پێدانی مووچەی مانگانە لەكاتی خۆیدا.

2.دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

3. دامەزراندن یان بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ.

4. هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەكو خانەنشینانی عێراق.

بابەتی پێشتر

ئەمڕۆ مووچە دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

لە هەمواری یاسای بودجەدا گرفت بۆ پشكی هەرێم دروستدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share