مالكی وەڵامی هێرشەكەی سەدر دەداتەوە: هیچی بەدەستەوە نییە

نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، وەڵامی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر دەداتەوە كە تۆمەتباریكردبوو بە كاركردن لە بەرژەوەندیی ئەمریكا.

دوێنێ یەكشەممە 3ی كانونی دووەم، شێخ سەڵاح عوبێدی، وتەبێژی موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر هێرشیكردە سەر مالكی و ڕایگەیاند، “ئەمریكا لەسەر داوای حكومەتی عێراق هات و لە دژی داعش شەڕی كرد، گرووپە چەكدارەكانیش پێشوازییان لێكرد.”

شێخ سەڵاح عوبێدی ڕەخنەی لە نوری مالكی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق گرت و تۆمەتباریكرد بەوەی رۆڵی هێزەكانی حكومەتی لاوازكردووە و ئەوەش بووەتەهۆی سەرهەڵدانی داعش و دواتریش بەهێزبوونی بەشێك لە گرووپە چەكدارە شیعەكان، هەر ئەویش بە گوێرەی ئەجێندای ئەمریكا، رۆڵی هێزەكانی عێراقی لاوازكرد و سەرئەنجام داعش سەریهەڵدا و ئەمریكا شوێنی هێزەكانی عێراقی گرتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 4ی كانونی دووەم، ئیئتیلافەكەی مالكی وەڵامی وتەبێژەكەی سەدر-ی دایەوە و ڕایگەیاند، “مالكی لە كاتێكی زۆر ناهەمواردا دەسەڵاتی گرتەدەست و لە خوولی یەكەمی سەرۆكوەزیرانیی ئەودا كە ساڵی 2006 دەستیپێكرد، باری ئاسایش ناجێگیر بوو، خەڵكی سەردەبڕدران و میلیشیاكان ڕوبەڕووی هێزەكانی حكومەت دەبوونەوە.”

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كە مەبەست لەو قسانەی سەدر كە لەڕێگەی وتەبێژەكەیەوە كردوونی، “موزایەدەی سیاسییە، چونكە هەڵبژاردن نزیكبووەتەوە و ڕەوتی سەدر جگە لە هێرشكردنە سەر مالكی، هیچی تری نییە قسەی لەبارەوە بكات.”

بابەتی پێشتر

کێ دڵى شێرى هەیە با ئەو مەساجە بکات

بابەتی دواتر

ڕەگەزنامەی سلێمانی ئاگادارییەك بڵاودەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share