بانکی ناوەندیی عێراق خشتەی فرۆشتنی دۆلاری بۆ ئەمڕۆ بڵاوکردەوە و زیاتر لە 214 ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندی کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا کەوتووە، ئەمڕۆ بڕی 214 ملیۆن و 64 هەزار و 659 دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، لەو بڕەش 194 ملیۆن و 954 هەزار و 659 دۆلاریان بە شێوەی حەواڵەیە و 19 ملیۆن و 110 هەزار دۆلاریشی بە شێوەی نەختینە بووە.
کۆتا خستنەڕووی خشتەی فرۆشی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە 22ی کانوونی دووەمی 2024 بوو کە تێیدا 218 ملیۆن و 146 هەزار و 755 دۆلاری خستبووە بازاڕەوە.
بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی کردنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 151 هەزار و 300 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ بە نزیکەی 151 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.