رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە، کاربەدەستە ئەمریکییەکان ترسیان لەوە هەیە، لە ئەگەری زیادبوونی فشار و هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا ببێتە هۆی جەنگی ناوچەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چەند وڵاتێک بگرێتەوە.
لە راپۆرتەکەی رۆژنامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوایین هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیانی گیانی نەبووە، بەڵام جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا و راوێژکارەکانی “نیگەرانن” کە “تەنها پرسی کاتییە” پێش ئەوەی هێرشەکان ببنە هۆی زیانی گیانی.
لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسی کوژرانی سەربازانی ئەمریکی زیاتر دەکەن کە ئەوەش هێڵی سوورە و لە ئەگەری وەڵامدانەوەی بەهێز لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە دەبێتە مەترسی جەنگێکی ناوچەیی.
لە کۆتا هێرشدا کە لە رۆژی یەکشەممەدا کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لەلایەن “گروپە چەکدارە پاڵپشتیکراوەکانی ئێران” وەک ئەوەی سوپای ئەمریکا ناویان دەبات، بووە هۆی برینداربوونی چەند سەربازێکی ئەمریکی.
جۆن فاینەر راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی بە مەترسیدار ناوبرد، راشیگەیاند وەڵامی هەموو هێرشێک بە ئەندازەی خۆی دەدەنەوە و ئەو بابەتەیان بە رشدی وەرگتووە.
لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا دەیان هێرش بۆ سەر نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازیش لەگەڵ هێزەکانی دیکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لە سوریا جێگیرکراون، تۆمارکراوە.
بەرپرسانی ئیدارەی بایدن بەردەوام باسیان لە ستراتیژی گونجاو بۆ وەڵامدانەوە دەکرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لەلایەک نایانەوێت رێگە بەو جۆرە هێرشانە بدەن بێ وەڵام بمێننەوە و لەلایەکی دیکەشەوە نایانەوێت ململانێکان بەرەو شەڕێکی سەرتاسەری پەرەدەستێنێت، بەڵام رەنگە هیچ بژاردەیەکی تریان نەبێت، بەتایبەتی ئەگەر هێرشەکان ببنە هۆی زیانی مرۆیی لەنێو هێزەکانی ئەمریکادا.
جگە لە هەموو ئەمانەش، بایدن لە قەیرانێکدایە کە هێرشێکیان لەسەر دروستکردووە سەبارەت بەوەی لەگەڵ ئێران نەرم و نیان مامەڵە دەکات، لە کاتێکدا دەبوایە یەکلاکەرانەوەتر مامەڵەی بکردایە.