یەكێتی و پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە لێكتێگەیشتنیان هەیە
ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكە: پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت

ئەندامێكی شاندە هاوبەشەكەی یەكێتی و پارتی پێشبینی دەكات پێكهێنانی حكومەتی ‏داهاتووی عێراق دوابكەوێت، دەشڵێت، یەكێتی و پارتی لەبارەی پۆستەكانەوە ‏لێكتێگەیشتنیان هەیە.‏

دوو ڕۆژە شاندێكی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە بەغدادە، عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی ‏سیاسیی یەكێتی سەرۆكایەتیی دەكات و چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ لایەنە جیاوازە شیعی ‏و شونییەكان كردووە.‏

یەكێتی و پارتی بە نەخشەڕێگایەكەوە چوونەتە بەغداد

هەرێم كەمال ئاغا، كە ئەندامی شاندە هاوبەشەكەیە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ‏شاندەكەی یەكێتی و پارتی كارنامه‌ى هاوبه‌شی پێبووه‌، “نه‌خشته‌ڕێگایه‌كه‌ بۆ ‏داخوازییه‌كانى گه‌لى كوردستان”.‏

بوونی شاندی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەكاتێكدایە، پێدەچێت تائێستا لەبارەی پۆستی ‏سەرۆك كۆمار و تەنانەت پارێزگاری كەركوكەوە نەگەیشتبنە ڕێككەوتن، بەڵام هەرێم ‏كەمال ئاغا، كە ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیشە، دووپاتیكردەوە، “له‌نێوان یه‌كێتى و ‏پارتى لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى به‌ركه‌وته‌كان”، بێ ئەوەی ڕوونكردنەوەی ‏زیاتر بدات.‏

لەئێستادا گرفتدارترین پێكهاتەی عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، شیعەیە، بەوپێیەی ‏موقتەدا سەدر، كە ڕەوتەكەی زۆرترین كورسیی پەرلەمانی بەدەستهێناوە، سوورە لەسەر ‏پێكهێنانی حكومەتێكی زۆرینەی نیشتمانی بە بەشداریی تەواوی پێكهاتەكان، بەڵام بە ‏بەشداریی هەموو لایەنەكان نا.‏

ئەو ویستەی سەدر بەر ویستی چێوەی هەماهەنگیی شیعەكان گەوتووە، كە دەیانەوێت ‏شیعە زۆرینەیەكی باڵاتر لەڕووی ژمارەوە پێكبهێنێت و پێكەوە لەگەڵ لایەن و ‏پێكهاتەكانی دیكە حكومەتێكی سازان “تەوافوق” پێكبهێنن.‏

پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت

شاندە كوردییەكە لەگەڵ هەردوو لایەنە شیعییەكە كۆبووەتەوە، هەرێم كەمال ئاغا ‏دووپاتیكردەوە، “له‌گه‌ڵ پارتى وا ڕێككه‌وتین، نه‌بینه‌ به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوان شیعەكان، ‏به‌ڵكو ببینه‌ چاره‌سه‌ر”.‏

سەركردایەتییەكەی یەكێتی پێشی وایە، پێویستە لایەنە شیعییەكان كاتی زیاتریان پێبدرێت ‏بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن، تاوەكو لێكترازانى زیاتر دروست نه‌بێت له‌نێو شیعه‌كاندا، ‌‏”چونكه‌ ئه‌نجامى لێكترازانه‌كه،‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر كۆی پرۆسه‌كه‌ ده‌بێت”.‏

بۆیە هەرێم كەمال ئاغا پێشبینیی كرد، “پێكهێنانى حكومه‌ت دواده‌كه‌وێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ى ‏شیعه‌كان هێشتا په‌رته‌وازه‌ن”.‏

نەشیشاردەوە، “كورد پێیوایه‌، ته‌بایی نێوماڵى شیعه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر داخوازییه‌كانى ‏كورد ده‌بێت و داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌ عێراقی نوێدا باش ده‌بێت”.‏

هه‌رێم كه‌مال ئاغا وتیشی، سبه‌ینێ ته‌نها سوێندخواردنى ده‌ستووریی په‌رله‌مانتاران ‏به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێویست به‌ ڕێككه‌وتن ده‌كات، به‌ڵام ‏تاوه‌كو ئێستا ڕێككه‌وتنى بنه‌ڕه‌تى نه‌كراوه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كان.‏

سوونە حەلبوسی دەكاتەوە سەرۆكی نوێنەران

لەبارەی پۆستى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانەوە، ئەندامی شاندە هاوبەشەكە ئاشكرایكرد، ‏سوننه‌ یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ كاندیده‌كه‌یان بۆ سه‌رۆكى ئەنجومەنی نوێنەران محەمەد ‏حه‌لبوسی-یه‌، به‌ڵام جێگره‌كانى هێشتا یه‌كلانه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ یه‌كێكیان پشكى شیعه‌كانه‌ و ‏ئەوەی دیكەش بۆ كوردە.‏

پێشبینیی كرد، سبه‌ینێ دواى سوێندخواردنى په‌رله‌مانتاران، دانیشتنه‌كه‌ بە كراوەیی ‏دەهێڵرێتەوە تاوه‌كو ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پۆسته‌كان ده‌كرێت.‏

بابەتی پێشتر

شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ عه‌ممار حه‌كیم كۆبوونه‌وه‌

بابەتی دواتر

له‌ ساڵى ڕابردوو زیاتر له‌ چوار ملیۆن گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان

بابەتی پەیوەندیدار