پێشبینیی داڕمانی سیستمی ئابوریی ڕوسیا دەکرێت بەهۆی سزاکانەوە

شیکەرەوەکانی بازاڕی جیهان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەیان بە نزیکیی ئەگەری داڕمانی سیستمی ئابووریی ڕوسیا کردووە، بەهۆی ئەو سزایانەی لەلایەن وڵاتانی خۆژئاواوە بەسەریدا دەسەپێنرێت.

شیکارییەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕوونیدەکاتەوە، لەگەڵئەوەی ڕوسیا لەماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا توانیویەتی سیستمێکی ئابوریی مەزن بونیادبنێت، بەڵام دوورنییە سزا چاوەڕوانکراوەکانی خۆرئاوا ئەو سیستمە وێران بکات.

کریستۆڤەر گرانفێڵ بەڕێوەربەری کۆمپانیای (T S Lumbard) بۆ راوێژکاری و چاودێری بارودۆخی ڕوسیا بە ئاژانسەکەی وتووە، ئەو تێڕوانینانەی دەڵێن سزاکان کاریگەریی لەسەر ڕوسیا نابێت هەڵەن، ڕوسیا راستەوخۆ هەست بە کاریگەریی سزاکان ناکات، بەڵام بە مەودا درێژ توانا داراییەکانی تێکدەشکێنێت”.

سزاکانی سەر ڕوسیا، بانکەکان، سەرمایەدارەکان، هەڵپەساردنی پرۆژەی هێڵی گازی (نۆرد سترین 2) و سنووردارکردنی ناردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ ئەو وڵاتە دەگرێتەوە.

بەپێی گرانفێڵ، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەمساڵدا هاوکاریی ڕوسیا دەکات بڕێکی قازانج بەدەستبهێنێت کە برەکەی بە 1.5 تریلیۆن ڕۆبڵی ڕوسی (17.2) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، بەمەش روسیا دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەر ئەو فشارانەی دەخرێتەسەری بۆ ماوەیەک”.

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەکردووە، بەڵام بوونی کەموکوڕیی ئابوری کردووە لەو وڵاتەدا لەوانە، ئێستا داهاتی خێزانێک لە ڕوسیا کەمترە لە 2014.

هەروەها لەساڵی 2019دا بانکی نێودەوڵەتی بەهای بەرهەمی ناوخۆیی ڕوسیای بە 1.66 تریلیۆن دۆلار دانا، کە ئەوەش کەمترە لە بەهاکەی لە ساڵی 2013دا کە دەگەیشتە 2.2 تریلیۆن دۆلار.

سێرگی گویێرڤ شارەزای ئابوری دەڵێت، “ڕوسیا لە ساڵی 2013 داهاتی بەرزبووە، بەڵام ئێستا پاشەکشەی کردووە لە چالاکییەکانی ئەندامێتی لە ڕێکخراوی هاریکاریی ئابوری و گەشەپێدان.

لەلایەکی دیکەوە لەڕووی وەبەرهێنانی بیانییەوە پاشەکشەی کردووە، ڕووپێوییەکی بانکی (جی پی مۆرگان) دەریدەخات، وەبەرهێنانی بیانی لە ڕوسیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزمترین ئاستی تۆمارکردووە.

لەلایەکی دیکەوە جێفری سکۆت شارەزای بازرگانی و سزاکان لە پەیمانگای پیتەرسۆن دەڵێت، “سزاکان ڕوسیا ناچاردەکات پشت بەخۆی ببەستێت بۆ چالاکییە ئابورییەکانی، هەروەها لە وەبەرهێنانەکانی لە پیشەسازی و سەربازی”.

سزاکان بەجۆرێک فراوان بوون ئێوارەی ئەمڕۆ ڕوسیا لە ئەندامێتیی (سویفت) کرایەدەرەوە، چاوەڕێشدەکرێت بەتەواوی وەبەرهێنانی ڕوسیا سزای بەسەردا بسەپێنرێت.

شیکەرەوەکان لە بانکی بیرنبێرگ ئاماژە بۆئەوەدەکەن، “پشتبەستی ڕوسیا بە خۆی بەس نییە بۆ بەردەوامبوونی لەبەرەوپێشچوون، ئەوەش وادەکات ئابووری ئەو وڵاتە تووشی داڕمان ببێت ئەگەر بەمشێوەیە بمێنێتەوە بە تەحەدیکردنی سزاکانی ئەوروپا و ئەمریکا”.

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی: چوار تۆمەتباری دەستگیرکرد کە چەندین تاوانیان ئەنجامداوە

بابەتی دواتر

سەرۆکی ئۆکرانیا نوێترین ڤیدیۆی خۆی لەناو کیێڤ بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share