نزیكەی 250 هەزار كەس لە سەرتاسەری ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان دژ بە پارتی (جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا)ی راستڕەوی پەرگیر ئەنجامدا، كە بەمدواییە ژمارەیەك لە ئەندامانیان باس لە دەركردنی بەكۆمەڵی كەسانی بنەچە بیانی دەكەن.
گەورەترین خۆپیشاندان لە فرانكفۆرت، پایتەختی دارایی وڵاتەكە، بەڕێوەچوو و تیایدا بەپێی پۆلیسی ناوخۆیی 35 هەزار خۆپیشاندەر لە پشت لافیتەیەكی گەورەوە بەشداربوون، كە لەسەری نووسراوە (بەرگری لە دیموكراسیەت- فرانكفۆرت دژ بە پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا-یە).
ژمارەیەكی هاوشێوە لە هانۆڤەر (لە باكووری وڵاتەكە) كۆبوونەوە، هەندێك لە بەشداربووان لافیتەیەكیان بەرزكردبووەوە كە لێی نووسراوە (نازییەكان با بچنە دەرەوە).
هەروەك نزیكەی 30 هەزار كەس لە شەقامەكانی دۆرتمۆند (لە رۆژئاوا) و، 16 هەزار لە هالە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكەدا كرد. جگە لەوەی خۆپیشاندان لە ئەرفورت، ئاحن، كاسیل و ژمارەیەكی شاری بچووكی دیكە ئەنجامدرا.
لە كۆی گشتی نزیكەی 250 هەزار كەس خۆپیشاندانیان بۆ ئیدانەكردنی راستڕەوی پەرگیری ئەڵمانی لە وڵاتدا ئەنجامدا، وەك ئەوەی میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویانكردووەتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆش خۆپیشاندانی دیكە ئەنجامبدرێت، بەتایبەت لە بەرلین و دریسدن-ی ویلایەتی ساكسۆنیا، پێگەی پارتی جێگرەوە لەپێناو ئەڵمانیا كە دژ بە كۆچبەران و حكومەتی وڵاتەكەیە.
پێشتر ژمارەیەك لە سیاسی، ئەكتەر، كەسانی ئاینی، راهێنەرانی خولی تۆپی پێی ئەڵمانیا داوایان لە دانیشتووان كرد ئامادەبن بۆ دژایەتی ئەو پارتە كە ئێستا لە راپرسییەكاندا پێشەنگی گرتووە.
ئامادەسازییەكەش كاتێك سەریهەڵدا كە پێگەی (كۆریكتیڤ)ی بنكۆڵكاری ئەڵمانی لە 10ی كانونی دووەم كۆبوونەوەیەكی پەرگیرەكانی لە بۆتسدام-ی نزیك بەرلین ئاشكراكرد كە تیایدا پلانی دەركردنی بەكۆمەڵی كەسانی بیانی یان ئەو كەسانەی بنەچەیان بیانییە تاوتوێكراوە.
ئۆلاف شۆلتز، راوێژكاری ئەڵمانیا داوای لە هەمووان كرد هەڵوێستیان هەبێت لەپێناو یەكگرتوویی و لێبوردەیی بۆ ئەڵمانیای دیموكرات.
هەروەك فریدریش مێرز، سەرۆکی یەکێتیی دیموکراتیی مەسیحی وتی، دڵخۆشکەرە کە هەزاران کەس بە شێوەیەکی ئاشتیانە خۆپیشاندان دژی پەرگیری دەكەن.