لەدوای هێرشەکانی سەر شاری هەولێر مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی هەڕەشەی جیدین بۆ سەر سەروەری عێراق و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی دانپیانراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا هاتووە، هێرش بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ناڕەوایەو سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خەڵکی سیڤیل دەکەین. پەلاماردانی شوێنی ئاوەدانی هەڕەشەی جیدین بۆ سەر سەروەری عێراق و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە هەرێمێکی دانپیانراوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا.
باسلەوەشکراوە، پێمان وایە هەر کێشەیەکی سیاسی- ئەمنی هەستیار لە نێوان وڵاتە دراوسێکاندا بەم شێوەیە تاکلایەنە و لە دەرەوەی تێگەیشتنی سیاسیی و ئەمنی هاوبەش، چارەسەر نابن و تەنها ئاڵۆزی و ژینگەی پەیوەندییە ئیقلیمییەکان تێکدەدەن کە سەرەنجام گەلانی عێراق نرخەکەی دەدەن.
لە بەیاننامەکەدا جەختلەوەشکراوەتەوە، ئەرکی سەرشانی حکومەتی فیدراڵییە کە پێکهاتەیەکی ئیئتلافییە و پشتیوانی هەموو هێزە سیاسییەکانی هەیە، هەوڵەکانی چڕتر بکاتەوە بۆ داکۆکی لەسەر سەروەری وڵات و ئاسایشی هاوڵاتییان و بەکردەوە یەکێتیی ریزەکانی گەلی عێراق دووپات بکاتەوە و هەیبەتی نێودەوڵەتی وڵاتەکە بپارێزێت، پێویستە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێم و پارتە سیاسیەکانیش بەهەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق رۆڵی زیاتر بگێڕن لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و پاراستنی هاوڵاتییان و بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان.