پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، هیوادارم مامۆستایان بڕیاری ناردنی پارە لە بەغدادەوە بە دەستكەوتی خۆیان بزانن و بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن و دەشڵێت، “بەو هەوڵانەی دراون ناردنی پارە بۆ مووچە لە بەغدادەوە بەردەوامدەبێت تا ئەو كاتەی یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە”.
د. هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری تۆری میدیایی ئێستا ئامادەیبوو رایگەیاند، بەپێی ئەو هەوڵانەی دراون ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تا ئەو كاتەی یاسای بودجە هەمواردەكرێتەوە بەردەوامدەبێت و پێویستە ئەولەویەت دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بێت و هیوادارین حكومەتی عێراق پابەندی ناردنی ئەو بڕەپارەیە بێت كە بۆ مووچە تەرخاندەكرێت.
هاوكات پارێزگاری سلێمانی داواشی لە مامۆستایان كرد كە بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن و وتیشی، “هیوادارم مامۆستایان بڕیاری ناردنی پارە لە بەغدادەوە بە دەستكەوتی خۆیان بزانن و بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن”.