وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی عێراق بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیی بانكەكان و دابینكردنی دۆلاری كاش كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار دەبێت.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بانكی ناوەندیی عێراق بڕیاریداوە هەر بانكێك پێویستی بە دۆلاری كاش بێت بۆی دابینبكات بەو پێیەی لە ئێستادا گرفتی كەمیی نەختینەی دیناری هەیە بۆ مووچە و دابینكردنی پڕۆژەكان دەیەوێت لەو رێگایەوە دیناری عێراقی بۆ بگەڕێتەوە و بەوەش خواست لەسەر دۆلار كەمدەكات و بەهاكەی دادەبەزێت.
بە بڕوای جەبار گۆران لەم قۆناغەدا بەهای 100 دۆلار لە بازاڕەكاندا دانابەزێت بۆ 135 هەزار دینار وەك ئەوەی باسی لێوەدەكرێت.
دوێنێ پێنجشەممە، بانكی ناوەندیی عێراق لە نووسراوێكدا داوای لە بانكەكان كرد چەند دۆلاری كاشیان پێویستە بۆیان دابیندەكرێت.