دوای ئەوەی كاسبكارێك لە هەولێر بەهۆی رەخنەگرتن لە دەسەڵاتداران و گازندە لە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییان دەستگیركرا، سەرچاوەیەكی ئاگادار وردەكارییەكەی ئاشكرادەكات.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رووداوەكە تایبەت بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، كاتژمێر 06:30 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ (ئیدریس مەسعود) لەلایەن هێزێكی ئەمنیی دەمامكدار بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لە بەردەم ماڵی خۆیان لە هەولێر دەستگیركراوە.
وتیشی، “ئیدریس لە گەڕانەوە بووە لە نانەواخانەكەیەوە بۆ ماڵەوە، هێزەكەش چاودێرییان كردووە و بەر لەوەی بگاتە ناو ماڵەكەی خۆی دەستگیریان كردووە”.
ئیدریس مەسعود لەدایكبووی ساڵی 1983-یە، خێزاندارە و خاوەنی پێنج منداڵە، زیاتر لە 20 ساڵە خەریكی كاری نانەواییە.
پەیامنێرمان لە هەولێر پێیڕاگەیاندین، ناسنامەی هێزەكە نەناسراوە، ناشزانرێت لەدوای دەستگیركردنی بۆ چ شوێنێك براوە. كەسوكارەكەی لە هەوڵ و سۆراغكردنیدان.