سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوەکراوە، پارەدانی ئەلیکترۆنی گرنگییەکی زۆری هەیە و بنچینەی چاکسازیی داراییە لە وڵاتدا.
نوسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گۆڕانکاری دارایی و ئابوری کردووە و جەختی لە گرنگی پارەدانی ئەلیکترۆنی کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە پارێزگاری بانکی ناوەندیی و راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ستراتیجیی و دارایی و بانکی ئامادەی بوون، جەخت لەوەکراوەتەوە، پارەدان بە کارتی ئەلیکترۆنی و پارەدانی دیجیتاڵی پایەیەکی بنەڕەتی ئەو چاکسازییە ئابورییەیە کە لە بەرنامەی حکومەتدا پەسەندکراوە.
سودانی باسی لەوەشکردووە، دەبێت هاوڵاتیان لە بارگرانیی دارایی زیادە دوور بخرێنەوە و ئاسانکاری مامەڵەکردن و ئاسانکاری پارەدانی ئەلترۆنی لە هەموو بوارەکاندا هەبێت کە دەبێتە هۆکارێک بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ساقامگیری ئابوری لە وڵاتدا.