مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی هەڵوێستی نوێ رادەگەیەنن

دوای نووسراوەكەی وەزارەتی پەروەردە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی وەڵام دەدەنەوە و هەڵوێستی نوێ رادەگەیەنن.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە سلێمانی ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی راگەیەندراوێكی وەك وەڵامی نووسراوەكەی وەزارەتی پەروەردە بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، خەباتی مەدەنیی مامۆستایان و فەرمانبەران هەنگاوی گرنگی بڕیوە، ئەوەش لەڕێی هەوڵ و هاوهەڵوێستی هەمووانەوە هەبووە لە بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی مەدەنی.

دەشڵێت، لە دوای كۆتایی هاتنی وەرزی یەكەم و مانەوەی دەرگای خوێندنگاكان بە داخراوی، لە 22ی 12ی 2023، لە رێی نوێنەرەكانیانەوە یاداشتیان پێشكەشی لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد و جەختیان لە داخوازییەكان كردەوە.

“خوازیاربووین حكومەتی هەرێم بە ئەركی خۆی هەڵبستایە و بە دەم داخوازییەكانمان بهاتایە وەك ئەوەی لە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی پێمان راگەیاندبوو” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا هاتووە.

دووپاتیشیدەكاتەوە، ئەوەی ئەم دۆخە خراپەی دروستكردووە و ئەم قەیرانانە رۆژ بە رۆژ قوڵتر دەكاتەوە حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە كەمتەرخەم بووە، وەك خۆلادانیش لە بەرپرسیارێتی، هۆكارەكانی ئەم كەمتەرخەمیە و قەیرانانەی بۆ حكومەتی عێراق گەڕاندووەتەوە، لەكاتێكدا ئێمە شاهێدی شكستی ئەم كابینەیە و كابینەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستانین، پێشمانوایە خۆلادان لە بەرپرسیارێتی قەیرانەكان قوڵتر دەكاتەوە.

هەروەك هەڵوێست و بڕیاری نوێیان لە چەند خاڵێكدا خستەڕوو:

1- مەرجداركردن خۆدزینەوەیە لە جێبەجێكردنی داخوازییەكان، چونكە داهاتی ناوخۆی هەرێم زۆر زیاترە لەو بڕەی بۆ داخوازییەكان پێویستە.

2- لە ساڵانی رابردووشدا بەڵێن و بڕیار دراوە بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكان، بەڵام بەداخەوە تەنها مەبەست لەو بەڵێن و بڕیارانە بۆ شكاندنی بایكۆت بووە، دوای دەستپێكردنەوەی خوێندن هەموو بەڵێن و بڕیارەكان وەك داخوازییەكانیان پشتگوێخراون.

3- حكومەت بەرپرسیارانە مامەڵەی نەكردووە بۆیە ناچاربوون بایكۆت و خۆپیشاندان بكەن. دەیانەوێت قەیرانەكان لێرەدا كۆتایی پێبێت و چارەسەری ریشەییان بۆ بكرێت، تا ناچارنەبن خۆپیشاندان ئەنجام بدەنەوە.

4- سبەی دووشەممە خۆپیشاندانی بەرفراوان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان درێژە بە بایكۆت و خەباتی مەدەنی دەدەن، تا ئەوكاتەی حكومەت بە خۆیدا دەچێتەوە و بەرپرسیارانە مامەڵە دەكات، بۆ ئەم مەبەستەش رووبەڕووی هەموو فشارەكان دەبنەوە.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەری نوسینگەی وەزیری رۆشنبیری بۆ داواکاری گشتیی: نووسراوەکەتان بە هەڵە ئاڕاستەکردووە

دوای ئاڕاستەکردنی نووسراوێک لەلایەن داواکاری گشتییەوە بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى رۆشنبیریى سلێمانى سەبارەت بە قەدەغەکردنی رووماڵی رووداوی کوشتن، بەڕێوەبەری…
زیاتر ببینە

راگەیەندراوێك لە دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمەوە

دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بەشێك لە بڕیارەكانی…
زیاتر ببینە

ئومێد ئەحمەد: تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی رووناكی لە سەرجەم شارەكانی هەرێم جێبەجێدەكرێت

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، تاوەكو كۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەی رووناكی لە سەرجەم شارەكانی هەرێم جێبەجێدەكرێت. ئومێد ئەحمەد وتەبێژی…
Total
0
Share