لە سنووری قەزای دەربەندیخان لە جێگای درەختێکی سووتێنراوی تەمەن 200 ساڵان، زیاتر لە 200 نەمام چێندران.
بیلال حەسەن، چالاکوانی بواری ژینگە بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، رۆژی چواری ئەم مانگە لە گوندی رێژنە لە سنووری قەزای دەربەندیخان، 200 نەمامی بەڕووی یەک ساڵە لە چواردەوری مۆنۆمێنتی درەختێکی سووتاوی بەڕووی تەمەن زیاتر لە 200ساڵان چێنرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، پەیامی ئەم چالاکییە بۆ خاوەندارێتیکردنە لە ژینگەی کوردستان و رووبەڕووبونەوەی بڕینەوە و سووتاندن و لەناوبردنی درەخت و دارستانەکان لە باشووری کوردستان.
وتیشی، لە چالاکییەکەدا تورەکەی قوماشی خامی دۆستی ژینگە بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.
دانیشتووانی گوندی رێژنە لەبارەی درەختەکەوە دەڵێن، “ئەو درەختە یادەوەریی دوو سەد ساڵی باب و باپیرانی ئێمەیە، هێمای خۆڕاگریی و پێکەوە ژیان و هێمای پیرۆزیی ژینگە بووە بۆ ئاوایی رێژنە، سووتاندنی ئەم بەڕووە گەورەترین زیانی بە ژینگە و ئێمە گەیاندووە”.
چەند هەفتەیەک پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە بەمەبەستی دەرهێنانی کورەی هەنگ، ئەو درەختە بەڕووە تەمەن 200 ساڵانە سوتێندرا، ئەوەش نیگەرانی زۆری هاوڵاتییان و چالاکوانانی ژینگەی لێکەوتەوە.