لە شاری هەولێر سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران، بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریش لەجۆری کریستاڵ دەستی بەسەرداگیرا .
بەڕێوەبەرايەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو زانیاری ئەوەمان پێگەیشت کە بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ هێنراوەتە ناو شاری هەولێر بە مەبەستی فرۆشتن و ساغکردنەوەی، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی ورد ئەنجامدرا و توانرا شوێنی دوو کەسی بیانی لە هۆتێلێک دەستنیشان بکرێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە شەوی 5/ 6ی کانونی دووەمی 2024 سێ کەس دەستگیرکران، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە بڕی پێنج کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری کریستاڵ لەناو ئۆتۆمبێلەکەیان کەزۆر بە وردی شاردرابووەوە، دۆزرایەوەو دەستی بەسەرداگیرا.