کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی رەسمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی راگەیاند و لە کەرکوک 595 هەزار و 121 دەنگ پەسەندکراوە.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەکرد، “دوای پێداچونەوە بە هەموو سکاڵاکان، هیچ شتێک نەبووە کە کاریگەری بخاتە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دەتواندرێت لە دادگاکان تانە لە ئەنجامەکان بدرێت”.
ئەوەشی خستەڕوو، “هەموو لایەنێک دەتوانێت لە دادگا تانە لە ئەنجامەکە بدات دوای رۆژێک لە راگەیاندنی ئەنجامەکان واتە لە رۆژی 29ی مانگ دەستپێدەکات و لە 31ی مانگ کۆتایی پێدێت”.
لە کۆنگرەکەدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەرەتا ئەنجامەکانی پارێزگای کەرکوکی راگەیاند و تێیدا 595 هەزار و 121 دەنگ پەسەند کراوە و ژمارەی کورسییەکانی پیاوان 11 کورسی و ژنانیش چوار کورسی و کۆتاکانیش یەک کورسی و کۆی گشتیی کورسییەکانیش 16 کورسییە.
لە پارێزگای کەرکوک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 157 هەزار و 649 دەنگ، هاوپەیمانی عەرەبی 102 هەزار و 558 دەنگ، بەرەی تورکمانی 75 هەزار و 69 دەنگ، هاوپەیمانی قیادە 61 هەزار و 612 دەنگ، پارتی دیموکرات کوردستان 52 هەزار و 278 دەنگ و هاوپەیمانی عروبەش 47 هەزار و 919 دەنگی بەدەستهێناوە.
بەپێی ئەو ئەنجامەش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنج کورسی، هاوپەیمانی عەرەبی سێ کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی، هاوپەیمانی قیادە دوو کورسی، پارتی دیموکرات کوردستان دوو کورسی و هاوپەیمانی عروبەش یەک کورسی و کۆتاکانیش یەک کورسییان بەدەستهێناوە.