وەزارەتی ناوخۆی عێراق وادەی پشتبەستن بە كارتی نیشتمانی وەك تاكە بەڵگەنامەی رەسمی لە وڵاتدا ئاشكرادەكات.
عەبدولئەمیر شمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، وادەی 1ی ئازاری ساڵی داهاتوویان دیاریكردووە وەك دەستپێكی پشتبەستن بە كارتی نیشتمانی وەك تاكە بەڵگەنامەی رەسمی. داواشی لە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان كرد ئامادەكاری بكەن بۆ ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتییان كە بۆ بەدەستهێنانی كارتی نیشتمانی روویان لێدەكەن.
ئەوەشی وت، پلانیان ئامادەكردووە بۆ سەرلەنوێ ئامادەكردنی بینای فەرمانگەكانی رەگەزنامە لە پارێزگاكان، بەپێی نمونەی یەكخراو.
وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەشدا كە خواستیانە لە ساڵی داهاتوو خزمەتگوزاریی باشتر پێشكەش بكەن لەرێی گۆڕانكاریی تەواو بەرە پاسپۆرتی ئەلیكترۆنی و ڤیزای ئەلیكترۆنی.