قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، لە بەیانی ئەمڕۆوە تا ئێستا سێ جار سنووری گوندی توتەقەڵ_ی سەر بە ناحیەی ئاغجەلەر بۆردومانکراوە و بەردەوامیش درۆن بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.
رەمک رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، کاتژمێر 6:00 و کاتژمێر 7:00- 7:30 و کاتژمێر 10:00ی ئەمڕۆ بە درۆن گوندی توتەقەڵ_ی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر بۆردومانکراوە، تا ئێستاش درۆن بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکانمان راسپاردووە بچنە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی سووڕانەوەی درۆنەکان نەیانتوانیوە بچن.
ئاشکراشیکرد، بۆ هەموو خەڵك روونە کە درۆنەکان هی تورکیان، بەڵام لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ئەوەمان نییە لە ئاسمانەوە لێکۆڵینەوە لە درۆنەکان بکەین، بە رەسمی ناتوانین بڵێین درۆنەکان هی چ لایەنێکن.
گوندی توتەقەڵ تا دوو ساڵ لەمەوبەر گوندێکی ئاوەدان بوو و هاوڵاتییەکانی تێیدا دەژیان، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکانی سوپای تورکیاوە، لە ئێستادا چۆڵکراوە و هیچ هاوڵاتییەکی تێدا ناژی.
قائیمقامی چەمچەماڵ داوای لە حکومەتی عێراق کرد بە دەمیانەوە بێت، چونکە ئەم هێرشە بەردەوامانە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراقە.