سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی كریسمس لە كریستیانەكان دەكات و دەشڵێت، “هەموومان تەبا و پێكەوە ئاڵنگاری و قەیرانەكان تێدەپەڕێنین لەپێناو داهاتوویەكی باشتر بۆ نەوەكانمان”.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی بەبۆنەی كریسمس بڵاوكردەوە، پیرۆزبایی كریسمس لە تەواوی كریستیانان لە كوردستان، عێراق و جیهان بەگشتی پیرۆز دەكات و دەشڵێت، “هیوای جەژن و پشوویەكی ئارام و كاتێكی خۆشیان بۆ دەخوازم.”
هەر لە پەیامەكەیدا هاتووە،”لەم یادەدا جەخت لە كەلتوور و بەها باڵاكانی گەلی كوردستان لە پێكەوەژیان و لێبوردەیی و یەكترقبووڵكردن دەكەینەوە و هاوڵاتیانی كریستیان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیییەكان دڵنیادەكەینەوە كە كوردستان وەك هەمیشە وڵاتی هەموومان پێكەوە دەبێت.”
سەرۆكی هەرێم دەشڵێت، “گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە “پێكەوە قوربانییان داوە، خەباتیان كردووە و رەنجیان كێشاوە بۆ ئەوەی بە ئازادی بژین. هەموومان تەبا و پێكەوە ئاڵنگاری و قەیرانەكان تێدەپەڕێنین و لەپێناو داهاتوویەكی باشتر بۆ نەوەكانمان، خزمەت بە گەل و وڵات دەكەین.”