بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە بڕی 90 هەزار دۆلاری دزیبوو.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە مەفرەزەكانی نووسینگەی رۆژهەڵاتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بڕی 90 هەزار دۆلار (9 دەفتەر دۆلار)ی دزیبوو.
هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای تۆماركردنی سكاڵایەكی یاسایی لەلایەن هاوڵاتییەكەوە كە بڕی 90 هەزار دۆلاری لەناو ئوتۆمبێلەكەیدا لێدزرابوو دەستبەجێ هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاڕی دادوەر، توانرا لەناو ماڵێكدا لە شاری سلێمانی پارەكە بدۆزرێتەوە و دەستیبەسەردا بگیرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوەو، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بەردەوامبوو بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار، سەرەنجام توانرا شوێنی تۆمەتبار دەستنیشانبكرێت كە هەڵاتبوو بۆ شاری كەركوك، مەفرەزەكانی نووسینگەی رۆژهەڵاتی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهاوكاری نەهێشتنی تاوانی كەركوك توانیان تۆمەتبار دەستگیربكەن.