د.خالید شوانی لە دادگا سکاڵای یاسایی لە دژی کەناڵی کوردستان 24 تۆمارکرد.
نوسینگەی راگەیاندنی د.خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق، رایگەیاند، “لەبەرامبەر هەواڵێکی پڕ لەتۆمەت و بوختانی کەناڵی کوردستان24 و پێگە ئەلیکترۆنییەکانی سەر بەو کەناڵە کە بڵاوکراوەتەوە لەسەر د.خالد شوانی وەزیری داد و تیایدا کەناڵەکە بەڕێزیانی تۆمەتبار کردبوو بە پیلانگێڕی بۆ دەستکاریکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک و کەمکردنەوەی کورسییەکی پارتی بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی عەربی، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ د.خالید شوانی لە دادگا سکاڵای یاسایی لە دژی ئەو کەناڵە تۆمارکرد”.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، “وێرای جەختکردنەوەمان و باوەڕبوونی تەواومان بە ئازادی رۆژنامەگەری و راگەیاندن، بەڵام ناکرێت ئەم دەزگایە وا بەئاسانی بوێری ئەوە بکات بەندە تۆمەتبار بکات بەبێ بەڵگە لەپێناو مەرامی سیاسی”.
باس لەوەش کراوە، “بۆیە دەبێت لەبەرامبەر دادپەروەری دادگا ئامادەبن و چاوەڕوانی لێپرسینەوەی یاسایی بن لەبەرامبەریان”.