“یەكێتی یەكەم بەرهەمی یەكڕیزی لەژێر سەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەچنێتەوە”

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەنجامی ئەو هەوڵانە دەچنێتەوە كە بافڵ جەلال تاڵەبانی-ی سەرۆكی ئەنجامیدا لە كاراكردنی رۆڵ و فراوانكردنی بنكەی جەماوەری و جۆراوجۆركردنی تۆڕی پەیوەندییەكانی لەناو هەرێمی كوردستان و سەرتاسەری عێراق، وەك ئەوەی رۆژنامەی (العرب)ی لەندەنی ئاماژەی پێداوە.

رۆژنامەكە لە دوا ژمارەیدا راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت، ئەنجامی دەنگەكانی یەكێتی لە هەڵبژاردنی پارێزگاكان، كە لە 15 پارێزگای عێراقدا ئەنجامدرا و لەنێویشیاندا ئەو پارێزگایانەی كورد لەگەڵ ئەودوای نەتەوەكانی دیكەی پێكهاتەی كۆمەڵایەتیی عێراق تیایدا نیشتەجێن، بەرزبوونەوەیەكی بەرچاوی ئاستی متمانەی دانیشتووانی بەو حزبە دەرخست، ئەوەش لەڕێی دەنگدانیان لە بەرژەوەندیی یەكێتی.

دەشڵێت، یەكێتیی نیشتمانی دیارترین دەستكەوتی هەڵبژاردنی خۆی لە پارێزگای كەركوك چنییەوە، كە زۆرترین رێژەی دەنگدەرانی تیادا تۆماركرا بەراورد بە سەرجەم ناوەندەكانی هەڵبژاردنی سەرجەم ئەو پارێزگایانەی دیكەی عێراق كە هەڵبژاردنی تیادا ئەنجامدرا. بەهۆیەوە رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشبینی كرد، پۆستی پارێزگار لەلایەن حزبەكەیەوە دیاریبكرێت پشتبەست بە ئەنجامیان لە هەڵبژاردندا.

بردنەوە بۆ گرتنەدەستی حكومەتی خۆجێی لە كەركوك گرنگییەكی تایبەتی هەیە بەهۆی بەهای ستراتیجی پارێزگا دەوڵەمەندەكە بە نەوت، كە بەوە ناسراوە ململانێیەكی توندی لەسەرە بەجۆرێك نەتەوە نیشتەجێبووەكانی تێپەڕاندووە بۆ لایەنەكانی دەرەوە، كە زۆر هەوڵدەدەن پەیوەندییە تایفی و نەتەوەییەكانیان لەگەڵ دانیشتوانی كەركوك بقۆزنەوە بۆ دزەكردنە ناویەوە، وەك چۆن ژمارەیەك لە حزبە شیعیەكان هەوڵ بۆ چڕكردنەوەی بوونیان لە پارێزگاكە دەدەن لەڕێی پێكهاتەی عەرەبی پارێزگاكە، تەنانەت توركیاش بەردەوام هەوڵیداوە هەندێك لەڕێی رۆڵەكانی پێكهاتەی توركمان پێگەی خۆی لە كەركوك دروستبكات، وەك ئەوەی رۆژنامەكە لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەیدا بڵاویكردووەتەوە.

باس لەوەشدەكات، سەركەوتنی یەكێتی لە كەركوك رێگەیپێدەدات بەهێزەوە بگەڕێتەوە پارێزگاكە لەڕێی دەرگای شەرعیەتی جەماوەری، دوای ئەوەی دەسەڵات و قەڵەمڕەویی خۆجێیی پارێزگاكەی لە ساڵی 2017 لەدەستدا بە دوورخستنەوەی نەجمەدین كەریم-ی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئەوكاتی حزبەكەی لە پۆستی پارێزگار.

رۆژنامەی عەرەب ئەوەشدەخاتەڕوو، یەكێتیی نیشتمانی بەمدواییە سوودی لە سەرۆكایەتیی بافڵ-ی كوری جەلال تاڵەبانی سەرۆكی كۆچكردووی عێراق بۆ سەرۆكایەتیكردنی وەرگرت، دوای رەتكردنەوەی بنەمای هاوسەرۆكی، لەڕێی سەرلەنوێ یەكخستن و یەكڕیزی و گەڕاندنەوەی متمانەی جەماوەرەكەی، پشتبەست بە كاریزمای سەرۆكەكەی و توانای لە پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ بنكە جەماوەرییەكەی.

دەشڵێت، بافڵ تاڵەبانی رۆڵێكی راستەوخۆی گێرا لە باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە كەركوك و بەرزیی رێژەی بەشداریی جەماوەری تیایدا، لەڕێی ئاراستەكردنی بانگەوازێك بۆ هێمنی و ئارامی و، رێگریكردن لە كێبڕكێكی توندی هەڵبژاردن و خزان بەرەو توندوتیژی.

لە بانگەوازەكەیدا داوای لە رۆڵەكانی كەركوك كرد “بە سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكانەوە بۆ پارێزگاری لە ئارامیی شارەكە و دەربڕین لە سەركەوتنەكانیان بە ئاشتییانە”، لەگەڵ جەختكردنەوە لە دووركەوتنەوە لە ئاژاوە و هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری.

هەڵبژاردنەكە رووداوێكی تایبەت بوو لە كەركوك، نەك تەنها لەبەرئەوەی یەكەم هەڵبژاردنی لەوجۆرەیە لە ساڵی 2005-وە، دوای ئەوەی پارێزگاكە لە هەردوو خولی 2009 و 2013 بەدەركرا، بەڵكو لەهەمان كاتدا بەهۆی تێكەڵبوونی ململانێی نەتەوەیی و حزبی كە بەهای كۆنتڕۆڵی ئیداریی پارێزگا فرە پێكهاتە و دەوڵەمەند بە نەوتەكە بەرزدەكاتەوە.

بەهۆیەوە وەك رۆژنامەكە دەڵێت، هەڵمەتی هەڵبژاردن لە كەركوك گۆڕا بۆ جەنگێكی سیاسیی گەرم كە تیایدا تۆمەتەكان لە چوارچێوەی ركابەریی رێگەپێدراو دەرچوو، لەڕێی شێواندنی ناوبانگی هەندێك لە كاندیدان لەڕووی میدیایی و هەوڵدان بۆ شێواندنی هەڵمەتی هەندێكی دیكە.

پێگەی پارێزگار گرنگییەكی گەورەی هەیە لە بازنەی ململانێی سیاسی لە كەركوك، هەروەك بە ئامانجێكی سەرەكیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ركابەری دیاری یەكێتیی نیشتمانی دادەنرێت.

پارتی لە هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دروشمی بەرگری لە مافەكانی كورد لە كەركوك و گەڕانەوەی پێگەیان لە پارێزگاكەدا بەرزكردبووەوە، بەڵام هەر خۆی لەلایەن بەشێكی فراوانی كوردەكانەوە تۆمەتبارە بە تێكدانی یەكڕیزیی كورد، بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوی كە پشتبەست بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی پەیڕەویدەكات، وەك ئەوەی لە راپۆرتی رۆژنامەكەدا هاتووە.

ئاماژەشدەدات، لەسەر ئەو پاشخانە پارتی كە ئەندامانی خێزانی بارزانی بەڕێوەیدەبەن، بڕیاریدا بە یەك لیستی هاوبەش لەگەڵ ئەودوای حزبە كوردییەكانی دیكە بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك نەكەن، سەرەڕای ئەو هەوڵانەی سەركردەی حزبەكانی دیكە دایان بۆ رازیكردنی پارتی بەو هەنگاوە.

رۆژی سێشەممە رزگار حاجی حەمە لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، یەكێتی زۆرینەی دەنگەكانی لە پارێزگای كەركوك بەدەستهێناوە، سەرەڕای لەدەستچوونی رێژەیەكی زۆری دەنگەكان بەهۆی بڵاوبوونەوەی دەنگی كورد، لەگەڵ ئەوەشدا هەلی یەكڕیزی لەنێوان لایەنە كوردستانییەكان لە پارێزگاكەدا هەیە. ئامادەیی حزبەكەشی بۆ كاری هاوبەش لە سەرجەم ناوچەكان دەربڕی.

رۆژنامەی عەرەب ئەوەش دەڵێت، سەرەڕای كەركوك، یەكێتی ئەنجامی باشی لە هەریەك لە پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین بەدەستهێناوە، كە رێگەیپێدەدات بەشداربێت لە بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆیی هەردوو پارێزگاكە.

لە زاری ئەحمەد هەركی، سەركردە لە یەكێتیشەوە دەڵێ، ئەنجامی هەڵبژاردن بۆ حزبەكەی “زۆر باشە” دووپاتیشیكردەوە، دەنگەكانی یەكێتی لە نەینەوا بە زیاتر لە 20 هەزار دەنگ بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو زیادیكردووە، پێشبینیشی كرد دوو كورسی یان سێ كورسیی پارێزگاكە بەدەستبهێنن.

ئەوەشی وت، پێشبینی دەكرێت یەكێتی كورسی لە سەرجەم ئەو ئەنجومەنی پارێزگایانە بەدەستبهێنێت كە لە دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بەشداری تیاكردووە.

بابەتی پێشتر

سەنتەری هەڵبژاردنەکانی کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتی هەواڵێک رەتدەکاتەوە

بابەتی دواتر

خالید شوانی سکاڵای لەسەر کەناڵێکی پارتی تۆمارکرد

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هێڵەكانی ئینتەرنێت رادەگیرێن

سبەی خولی دووەمی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستپێدەكات، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات لە سلێمانی دەڵێت، “هێڵەكانی ئینتەرنێت رادەگیرێن”.…
Total
0
Share