رێواز فایەق: بۆ یەکێتی سەرکەوتنی کورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەکەیە

رێواز فایەق رایدەگەیەنێت، بۆ یەکێتی سەرکەوتنی کورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەکەیە، بۆیە نەهاتنەدی ئامانجەکە وەک خۆی و بەشێوەی لە سەدا سەد، تامی سەرکەوتنەکانی خۆمانی لە دەمدا تاڵ کردووین.

رێواز فایەق، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا رایگەیاند، زۆر دوور نیە هەر دوێنێ بوو، کە یەکێتی لەسەر ئاستی سەرۆکی حیزب، مەکتەبی سیاسی، تەنانەت مەڵبەند و ئۆرگانەکان زیاتر لە چەند جارێک، بە شێواز و شاندی جیاجیا، بە پێداگری و تکاکاریی زۆرەوە، یەک یەک لە دەرگای حیزبە سیاسییەکانی دا و داوای لێکردن، تکایە با یەک لیستمان هەبێت بۆ هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەکان.

دەشڵێت، ئەوەش بێگومان لە لاوازیی و بێ وورەییمان نەبوو، باش باش دەمانزانی دۆخمان لەو ناوچانە چۆنە و پشت ئەستوور بووین بە متمانە و پاڵپشتی خەڵکە ئازا و بوێرەکەمان، هەمووشمان ئامادەبووین بە سەرۆکایەتیی هەڤاڵ بافڵ ووزە و توانامان بخەینە خزمەت پلانی كاركردن و، و دواجار دەرئەنجامەکانیش دەریخست کە ئێمە لە هەمووان زیاتر جێگەی قبوڵ و متمانەی دەنگدەرەکانی ئەو ناوچانە بووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئامادەبووین سەبارەت بە شێوازی لیستە یەکگرتووەکە و دانانی کاندیدەکان و هەر مەرجێکی دیكەش سازش بۆ حیزبە کوردستانییەکان بکەین.

رێواز فایەق ئەوەشی خستەڕوو، بەداخەوە، ئەوە هەژموونی ئەجێندای گوماناوی، خەیاڵپڵاوی تەوژمی پۆپۆلیستی هەڵتۆقیو و قورمیشکراو، ترس لە کاریگەری یەک لیستی لەسەر دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان و چەند هۆکارێکی بێ ئەرزشی دیکە بوو کە نەیهێشت هەموومان یەک لیستی هەڵبژاردن و لە یەک بەرەی شەڕی دیموکراسیدا بین بەرامبەر نەیارەکانمان.

“نابێت رۆڵی نەگریسی دژە کوردی هەندێ سیاسیی بە تەمەن و ئەزموون گەورە و بە ئەقڵ هەرزەمان بیربچێت، کە رۆژانە و بەبێ موناسەبە ژەهریان دەڕشت و کاریگەری خۆیان لەسەر لەباربردنی هەموو هەوڵەکان هەبوو، بۆیە لە ئێستادا دەبێت بە دیار شکستی خۆیانەوە خەریکی خۆخواردنەوەبن”، رێواز فایەق لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا وا دەڵێت.

ئاماژەشدەدات، دواجار ئێمە ئەرکی نیشتیمانی و نەتەوەیی و دۆستایەتیمان پێش هەڵبژاردن بەرامبەر هەموو هێزەکان جێبەجێکرد و، جگە لە حیزبی شیوعی ئەوانی دیکە هەریەکە و بە بیانوویەک بەدەنگمانەوە نەهاتن، تەنانەت ئەوکات هەندێ لە سەرکردە و کادیری باڵایان لە رێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە وەک سەرکەوتن و دەستکەوت بۆ خۆیان باسیان لە رەتکردنەوەی هەوڵەکانی یەکێتی دەکرد و هەموو ئەو لێدوان و ووتار و کۆمێنتانەش هێشتا لە بیری کوردستانیاندا ماون و هێندە دوورنین، ئەسەف بەم هەڵوێست و بڕیارانە زیانی گەورە بەر پێگەی کورد کەوت لە هەریەک لەو ناوچانە.

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی باس لەوەشدەكات، ئێستاش لەبەردەم خەڵکی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکاندا خۆمان بەسەربەرز دەزانین کە بە پشتیوانی جەماوەرە دڵسۆزەکەمان و بە بەهێزی هاوپەیمانی و لیست و کاندیدەکانمان لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاکانی کوردنشین، بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی شارستانیانە کە بە تەواوی خۆمان تیا بەدوورگرت لە رووبەڕووبونەوە و قسەکردن لەسەر لیستە کوردستانییەکان، تا رادەیەک دەنگ و سەنگی کوردمان پاراست و توانیمان بەشێک لە تینوێتی ئەوان ئاوبدەین و، ئەگەر ئەنجامەکانی یەکێتی نەبووایە رەنگە کورد لەم هەڵبژاردنەدا بە دەنگ و کورسی ببوایەتە کەمینەیەکی زۆر بچوک.

دووپاتیشیدەكاتەوە، دەرئەنجام، بۆ یەکێتی سەرکەوتنی کورد ئامانجە باڵا و پیرۆزەکەیە، بۆیە نەهاتنەدی ئامانجەکە وەک خۆی و بەشێوەی لە سەدا سەد، تامی سەرکەوتنەکانی خۆمانی لە دەمدا تاڵ کردووین.

بابەتی پێشتر

بانکی ناوەندی زیاتر لە 215 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە

بابەتی دواتر

ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر چاکسازیی لە سیستەمی کۆچ و پەنابەریدا رێککەوتن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە لەلایەن دادگای گەرمیانەوە داواکرابوو

پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە له‌لایه‌ن دادگای‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ گه‌رمیانه‌وه‌ به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 446 داواكراو بوو. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی…
Total
0
Share