وتەبێژی پۆلیسی دهۆک ئاشکرایدەکات، ئەو دوو هاوڵاتییەی بەیانی ئەمڕۆ تەرمەکانیان دۆزرانەوە، تەقەیان لە یەکترکردووە.
هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە بە بوونی دوو تەرم لە نزیک پارکی دڵشاد محەمەد سدیق دۆزراونەتەوە، یەکێکیان لەناو ئۆتۆمبێلێکدا بووە کە خۆی شۆفێربووە، ئەوی دیکەش لەسەر شەقامەکە کەوتووە.
ئاشکراشیکرد، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هەردوو کوژراوەکە تەقەیان لە یەکتر کردووە و گیانیان لەدەستداوە، کە تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵانەوەیە.
باسیلەوەشکرد، هەردوو کوژراو خەڵکی یەک گوندن و یەکتر دەناسن پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتی لەنێوانیاندا هەبووە هەر ئەمەش هۆکاری رووداوەکە بووە.
وتەبێژی پۆلیسی دهۆک وتیشی، لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامن بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتری رووداوەکە.