دەرباز كۆسرەت رەسوڵ: لە بەغدادەوە بەڵێن دراوە كێشەی مووچە چارەسەربكرێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كورد لە كەركوك كورسییەكانی زیادبكات و سەبارەت بە گرفتی مووچەش دەڵێت، لە بەغدادەوە بەڵێنی تەواو دراوە لەدوای سەری ساڵ كێشەی مووچە چارەسەربكرێت.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، تێڕوانینێك دروستبووە گوایە یەكێتی دژی پێكهاتەكانە، بەپێچەوانەوە مام جەلال ئەندازیاری داڕشتنی كورسیی پێكهاتەكان بووە.

وتیشی، “گرفتمان لە تێڕوانین و بەكارهێنانی پێكهاتەكانە، دەمانەوێت سەربەخۆ بن، بەداخەوە ئەوەی بینیمان بەتایبەت لە خولی رابردوو(ی پەرلەمان)، لەرووی سیاسی سەربەخۆ نەبوون” ئەوەشی وت، ئەوەی روویدا لە خولی پێشووی پەرلەمان، وایكرد یەكێتی دیدگای هەبێت و نیگەران بێت، هەروەها بیر لەوە بكاتەوە كە چۆن چارەسەربكرێت.

دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیش و بەتایبەتیش كەركوك دەرباز كۆسرەت ئەوەی خستەڕوو، هەڵمەتێكی بانگەشەی ئاسایی لە شارەكە بەڕێوەدەچێت، ئەوەی بەلایانەوە گرنگە ئەوەیە كورسییەكانی كورد زیادبكات.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیشدا دەربارەی پەككەوتنی خوێندن لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گرفتی مووچە ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژەی بەوەدا، نیگەرانی و ناڕەزاییەكانی مامۆستایان بە مافی رەوای خۆیان دەزانن، پێویستە مامۆستا و مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت.

دووپاتیشیكردەوە، هەفتەی رابردوو لەمیانەی سەردانی سەرۆكی یەكێتی و لە سەردانەكانی رابردووش جەخت لەوە كراوەتەوە كە نابێت مووچە ببەسترێتەوە بە ململانێ سیاسییەكانەوە، هەر لایەنێك مووچە وەك چەكێك بەكاربهێنێت، زەرەرمەند دەبێت.

دەرباز كۆسرەت ئەوەشی روونكردەوە، بەڵێنی تەواو لەلایەن بەغدادەوە دراوە لەدوای سەری ساڵەوە كێشەی مووچە چارەسەربكرێت. ئەگەر یاسای بودجەش هەمواربكرێتەوە، كێشەی ئەو سێ مووچەیەش كە ئایندەی نادیارە ئەویش چارەسەردەبێت.

بابەتی پێشتر

رۆژێک پشوو لە هەرێم راگەیەندرا

بابەتی دواتر

هەشت رۆژ پشوو لە هەرێم راگەیەندرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share