وادەی پێشكەشكردن بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا ئاشكراكرا

د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى

وەزیری خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، دوای پشووی نەورۆز پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات.

د. ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، لەسەر ئاستی نیشتمانی پرۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنیان خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، کاریش دەکەن بۆ ئەوەی ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن باشتر ببەستنەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابوریی وڵات.

د. ئارام لەمیانی بەشداریکردنى لە رێوڕەسمی خولى دوانزەهەمى دەرچووانى زانکۆى زاخۆ وتیشی، “هەوڵدەدەین رووپێوی زانستیانە و بەردەوامی بازاڕی کاری کوردستان بکەین و پرۆگرامەکانی خوێندن بە ئاراستەی پێداویستییەکانی بازاری کار دابڕێژینەوە، بۆ ئەمەش لە ئایندەیەکى نزیکدا 70 مامۆستا لە تەواوى زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەم رووپێویە زانستییە ئامادە دەکرێن”.

هەر لەو رێورەسمەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاشكرایكرد، دوای پشووی نەورۆز پڕۆسەى پێشکەشکردن بۆ خوێندنى باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات.

لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا وتى، “رێوڕەسمی دەرچوونەكە هاوكاتە لەگەڵ 8ی مارس رۆژی جیهانیی خانمان، لێرەوە دەمەوێت پشتیوانی خۆم و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خانمانی وڵاتەکەمان دوپاتبکەمەوە، دڵنیاتان دەکەم ئێمە پشتیوانتان دەبین بۆ دەستەبەرکردنی یەکسانی و پەرەپێدانی تواناکانی خانمانی وڵاتەکەمان”.

روونیشیكردەوە، جێگەی شانازییە لەسەر ئاستی زانکۆکان کچان رێژەی 57%ی خوێندکارانی زانکۆکان پێکدەهێنن، ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ رۆڵ و پێگەی کچان لە ناو زانکۆ و ئایندەی هێز و توانا مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان و دروستکردنی دەرفەتی یەکسان بۆ تواناکانی کچان تاکو بەشداربن لە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی وڵات.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی سلێمانی ئەنجامی هەڵمەتێك بۆ سەر ژمارەیەك باخ رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

حکومەتی راسپاردە چۆن دەستیگرتووە بەسەر سەرجەم پەڕە فەڕمییەکاندا؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share