لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا، 902 كەس لە عێراق توشی كۆرۆنا بوون و 11 کەسیش بەهۆی هەمان پەتاوە مردوون.
ئەمڕۆ هەینی 1ی كانونی دووەم، وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی تایبەت بە پەتای كۆرۆنا-ی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، “لە ماوەی 24 كاتژمێردا، 902 كەسی تر توشی كۆرۆنا بوون.”
ڕاگەیاندراوەكە ئاشكرایكردووە كە لەو ماوەیەدا، 11 توشبووی تری پەتای كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 976 توشبووش پەتاكەیان پەڕاندووە و چاکبوونەتەوە.
وەك وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بۆكردووە، کۆی ئەوانەی تا ئێستا لە عێراق-دا توشی كۆرۆنا بوون، 596 هەزار و 193 كەسن، ئەوانەشی لە ڤایرۆسەکە چاكبوونەتەوە، ژمارەیان گەیشتووەتە 539 هەزار و 817 کەس.