وتەبێژی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەكە رەوانەبكرێت و بە گەیشتنی پارەكە دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەین و دەشڵێت، “داوای سێ مانگی دیكە قەرزمان بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە بەغداد كردووە”.
پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەوڵی جدی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد هەیە و پێشتر راگەیەندرا كە هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستناكات، بەڵام ئێستا هەرێم نەوتی رادەست كردووە و حكومەتی عێراق پابەندی ناردنی شایستە داراییەكانی هەرێم نەبووە.
راشیگەیاند، چاوەڕواندەكرێت لە هەفتەی داهاتوودا 700 ملیار دینارەكە رەوانەبكرێت و بە گەیشتنی پارەكە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەكرێت و جگەلەوەش داوای سێ مانگی دیكە قەرزمان بۆ مووچەی مووچەخۆران لە بەغداد كردووە.
لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وتیشی، “تائێستا 11 ملیۆن بەرمیل نەوت رادەستی عێراق كراوە، بەڵام كرێی كۆمپانیا نەوتییەكان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت خەرجنەكراوە و حكومەتی هەرێم دەیەوێت هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێبكاتەوە.
ئاشكراشیكرد، لە ماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە و وردبینی لە ژمارەی مووچەخۆران و داتا و زانیارییەكاندا كراوە و پێویستە مووچەی مووچەخۆران لە پرسەكانی دیكە جیابكرێنەوە.