وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا چەند پرسێکیان تاوتوێکرد.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کڵاوس سترێچەر کونسوڵی گشتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ لە هەرێم و کۆڵۆنێڵ ۆڵف هامپ فەرماندەی سەربازیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کرد،لەکۆبوونەوەیەکدا، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاند، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەک یەک تیمی یەکگرتووی نیشتمانی کاردەکەین لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان لەم پێناوەشدا ستایشی هەوڵەکانی دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دەکەین کە هەمووکات هاوکار و هەماهەنگ و پاڵپشتمانن لە پرسی چاکسازی و هەنگاونان بەرەو بوونیادنانی هێزێکی تۆکمەی سەردەمیانە.
ئاماژە بەوەش دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندووە، ئەڵمانیا وەکو هاوبەشێکی سەرەکی لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە رابردوو و ئێستاشدا هاوکار و هەماهەنگن لەگەڵمان لە هەموو پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکاندا، هیوادارین پەیوەندییەکانمان و کاری هاوبەش و لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوانماندا بێتە ئاراوە .
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، کڵاوس سترێچەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە وەزیری پێشمەرگەی رایگەیاند، دڵخۆشین بە گەڕانەوەتان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە،پشتیوانتان دەبین بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، بەردەوام دەبین لە هاوکاری و پێشکەشکردنی پرۆژەی نوێ و راوێژکاری سەربازی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەمانەوێت هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی سەقامگیر و پێشکەوتوودا بێت.