راگەیەندراوی كۆبوونەوەی یەكێتی و یەكگرتوو: هەوڵەكان بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بە تایبەت دابینكردنی مووچەی مووچەخۆران بخرێنەگەڕ

ئەمڕۆ شەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵای یەكێتی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد و لەلایەن مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و شاندێكی باڵای یەكگرتووەوە پێشوازی لێكرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان، یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، خۆ ئامادەكردن بۆ ئەگەر و پێشهاتەكان كراو جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بەرپرسیارانە كرایەوە بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە ناوخۆی هەرێم عێراق بە شێوەیەك ژیان و گوزەرانی خەڵك پارێزراوبێت و هەوڵەكانیش بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان بە تایبەت دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بخرێنەگەڕ.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بە پەرۆشەوە هاوڕابوون كە دۆخی هەستیاری ناوچەكە وادەخوازێت نێوماڵی كورد یەكبخرێتەوە و یەكڕیزی بپارێزرێت و كێشەو كەموكوڕییەكانی بەردەم پرسی حكومڕانی چارەسەربكرێن و ستراتیژی سیاسی حزبەكانیش بخرێنە خزمەت گشتی و ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كات و ساتی خۆیدا بە جۆرێك ببێتە مایەی سەقامگیریی زیاتر لە هەرێم و بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا تەئكیدكرایەوە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و فراوانكردنی هاریكارییەكان لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان و خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵك.

بابەتی پێشتر

كۆبوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كۆتاییهات

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە کەوتە داوی یەکسان بونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share